Breaking News

یاریکردن بە چارەنوسی  په‌نابه‌ران به‌ توندی محکوم ده‌که‌ین

دوای ئه‌وەی شه‌وی ٢٧/٢٨ شوباتی ٢٠٢٠ له‌ پێکدادانەکانی باکوری رۆژئاوای سوریادا/ ئەدلب، ژماره‌یه‌ک سه‌ربازی تورکیا کوژرا و ڕووداو و ئاڵۆزیەکانی شەڕی  سوریا،  جاریکی دیکە شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەی پەنابەری بەدوا خۆیدا هێنا. حکومەتەکەی ئەردوگان له‌کاردانه‌وه‌یدا به‌رامبه‌ر به‌کوشتنی سه‌ربازه‌کانی، بڕیاریدا سنوره‌کانی ئاوی وشکانی به‌ڕووی په‌نابه‌راندا بکاته‌وه،‌ تا له‌و ڕێگایه‌وه‌ فشاره‌کانی خۆی توند بکاته‌وه‌ بۆ سه‌ر یه‌کێتی ئەو‌روپا و حیلفی ناتۆ و بەمجۆرەش کەیسی پەنابەرانی سوریای وەک کارتێک بۆ  بەدەستهێنانی پشتیوانی سه‌ربازی دەوڵەتانی ئەوروپا له‌ شه‌ڕی سوریادا بەرامبەر بە ڕوسیا و ڕژێمەکەی ئەسەد بخاتە سەوداو مامەڵە پێکردنەوە. 

له‌یه‌که‌مین هه‌نگاویشدا دەسەڵاتەکەی ئەردوگان لەژێر ناوی ئەوەی گوایە “ڕێز لە داواکاری کۆچبەران دەگرن و ناچار نین کە س بەزۆر لە وڵاتەکەیان بهێڵنەوە ..” سەرەتا له میدیاو که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ که‌وتنه‌ هاندانی په‌نابه‌ران و پاشان پاسگرتن بۆ په‌نابه‌رانی که‌مپه‌کان و ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ ئه‌سته‌مبوڵ و شاره‌کانی تورکیا چه‌ندین ساڵه‌، بەبێ وەرگرتنی هیچ هاوکاری و خزمەتگوزاریەکی کاربەدەستان، لەتورکیادا گیریان خواردووه،‌ ڕه‌وانەی‌ خاڵه‌ سنوریه‌کانی یۆنان و بولگاریا بکه‌ن. به‌تایبه‌تی له‌ شاری ئه‌درنا ئه‌مه‌ش  له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی سه‌خت و باراناوی و سه‌رمادا، ده‌یان کەس له‌ژن و مناڵ و پیرو و په‌که‌وته‌یان بەزۆر  ئاڕاسته‌ی خاڵه‌ سنوریه‌کان کرد و په‌نابه‌رانیان خسته‌ نێو کێشمه‌کێش و گرژیه‌کانی نێوان تورکیا و وڵاتانی یه‌کێتی ئه‌وروپادا.

لەبەرامبەریشدا، داخستن و توندکردنەوەی سنورەکان لەلایەن دەوڵەتی یونان و بولگاریاو ئەو وڵاتانەی کەخاڵی پەڕینەوەی پەنابەرانن، هاوکات دەستبردن بۆ هێرشی سه‌ربازی و‌ لێدان و ڕشتنی گازی فرمێسک رژێن و بۆمبی ده‌نگی و تەنانەت تەقەکردن لە یەختەکانی پەنابەران و کوشتنی پەنابەران … بەهەزاران کەس لەژن و مناڵیان له‌گه‌ڵ کاره‌ساتێکی ئه‌وپه‌ڕی نامرۆڤانه‌ ڕووبەڕووکردۆتەوە،  که‌ تا ئێستا به‌پێی دواین زانیاریه‌کان زیاتر له‌ ٤٧ هه‌زار په‌نابه‌ر ڕوویان له‌ سنوره‌کان کردووه‌ و ژماره‌یه‌کی کەم له‌و په‌نابه‌رانە توانیویانه‌ به‌زه‌حمه‌ت و ماندوبوون نرخی گیانله‌ده‌ستدان خۆیان گه‌یاندۆته‌ دورگه‌کانی (سامۆس، لیسبۆس، رکۆس..) یۆنانی له‌وێش به‌شێکی زۆر له‌و په‌نابه‌رانه‌ ده‌ستبه‌سه‌رکراون به ‌به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ نا یاسایی سنوره‌کانی یۆنانیان بڕیوه‌ و وه‌یا له‌که‌مپه‌کان ده‌ستبه‌سه‌رکراون، له‌دورگه‌ی لیسبۆس که‌مپێکی ئه‌و په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن راستڕه‌وه‌کانه‌وه‌ سوتێنراو و تا ئێستا کاردانه‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا و یۆنان جگه‌ له تاکیدکردنه‌وه‌ له‌و رێکه‌وتنامه‌یەی که‌ له‌ساڵی ٢٠١٦ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی تورکیا له‌به‌رامبه‌ر ٦ملیار یوۆر و چه‌ند ده‌ستکه‌وتێکی سیاسی ئابووری  ئیمزاکراوه‌ وه‌ ‌ ناردنی هێزی سه‌ربازی بۆ به‌رگرتن به‌ شاڵاوی په‌نابه‌ران و هه‌ڕه‌شه‌ی دیپۆرتکردنه‌وه‌ بۆ تورکیا ئاکامێکی تری نه‌بووه‌ و رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان بۆ کاروباری په‌نابه‌ران جگه‌ له‌دابه‌شکردنی چه‌ند پێداویستیه‌کی سه‌ره‌تایی هیچ هه‌ڵوێتسێکی راشکاوانه‌یان ده‌رنه‌بڕیوه‌. ئەم ڕاستیانەش ئەوە دەردەخەن کەجارێکیتر ژیان و چارەنوسی دەیان هەزار پەنابەری هەڵهاتووی شەر و کاولکاری لەسوریادا، لەسەرو هەر پرەنسیپێکی ئینسانیەوە، کراوەتە کارتێکی مامەڵەکردن لەنێوان تورکیاو دەوڵەتانی ئەوروپا و بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانیان.

ئاشکرایە دەستپێکردنەوەی دەوریەکی تر لەقەیرانی پەنابەران لە سوریا، بەرهەمی ئەم قۆناغەی شەڕە کە لەئەدلیب لەنێوان هێزەکانی ڕژێمی ئەسەدو روسیا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک لەگەڵ تورکیاو چەکدارە تیرۆریست و ئینسانکوژەکانی لایەنگر بەحکومەتەکەی ئوردوگان لەلایەکی ترەوە سەری هەڵداوە. ڕوسیاو سوریا دەیانەوێت ناوچەکانی باکوری سوریا لەنەیارانی خۆیان پاک بکەنەوەو جارێکیتر ئەدلب بگێڕنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆیان. تورکیاش کەوەک هێزێکی داگیرکەرو پشتیوانی دەستەوتاقمە ئیسلامی و قەومیەکان ئامادەگی هەیە تا پێگەیەکی زیاتر بۆ فراوانکردنەوە و جێگیرکردنی ناوچەیەکی ئارام لەناوچەکانی هاوسنوری تورکیا لەگەڵ سوریادا و بەتایبەتی لە عەفرین مسۆگەرکات. کە بێگومان هەموو ئەماناش بۆ ئەوەیە ڕۆڵی تورکیا و هەژمونی هێزەکانی ناوچەکەدا بۆ ساڵانێکی زۆر بهێڵێتەوە … کەدیارە هەموو ئەمانەش خەڵکی ئاوارەو قوربانیانی شەری نێوان ئەم هێزە دژی ئینسانیانە کراوەتە کارتێکی یاریکردن بۆ ساتوسەوداو چنینەوەی بەرژەوەندیەکانیان، کە لەسۆنگەی هەر کەسێکی ئینساندۆست و ئازادیخوازەوە مەحکومە. 

فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی سه‌رباری ئیدانه‌کردنی ئەم یاریەگڵاوە کە تورکیاو دەوڵەتانی ئەوروپایی بەژیان و چارەنوسی پەنابەرانەوە دەیکەن، هاوکات بەرپرسیارێتی ژیان و چارەنوسی ئەو پەنابەرانەی لەسەر سنورەکان بەم سەرماو سۆڵەی زستان راگیراون دەخاتە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتوەکان و ناوەندەکانی بڕیاری نێونەتەوەییەوە. بەدیاریکراویش فیدراسیۆن داوای فریاکەوتنی خێرای ئەم پەنابەرانە دەکا و پێویستە یۆنان و یەکێتی ئەوروپا کە ئیدعای “مافی مروڤ و دیموکراسی” دەکەن  ده‌ستبه‌جێ سنوره‌کان به‌ڕووی قوربانیانی شه‌ڕو نائارمی بکه‌نه‌وه‌ و ته‌واوی خزمه‌تگوزاریه‌کان پێشکه‌ش به‌ په‌نابه‌ران بکه‌ن و هەموو لایەکیشیان به‌رپرسن له‌هه‌ر رووداوێکی نه‌خوازراو که‌ڕووبه‌ڕووی په‌نابه‌ران دەبێتەوە .

فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی داوا له‌ ته‌واوی رێکخراوه‌ مرۆڤ دۆست و داکۆیکاران له‌مافه‌کانی په‌نابه‌ران و یه‌کێتی کرێکاریی و ئازادیخوازان ده‌کات به‌هه‌ر ڕێگایه‌ک پیان ده‌کرێت بەفریای پەنابەرانی گیرخواردووی سەرسنورەکانی نێوان تورکیا و یۆنان بکەون و فشاربهێن بۆ حکومه‌تی تورکیا یه‌کێتی ئه‌وروپا که ‌به‌رپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پەنابەراندا بکەن و یاری بەژیان و جارەنوسیانەوە نەکرێت.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

٠٣/٠٣/٢٠٢٠

 

About ifir web

Check Also

ئاگاداریەک بۆ پەنابەران و کوردانی دانیشتوی تورکیا سەبارەت بەگەڕانەوەی ژیانی ئاسایی لەو ووڵاتە

سەبارەت بە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی لە تورکیا سەرۆک کۆمار لە کۆبونەوەیەکی ئیداری لەگەڵ پارتەکەیدا ئاماژەی ...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *