ریشه‌ی تاوان وتوندوتیژیكان، له‌ جیاوازی چینایه‌تی ونایه‌كسانی كۆمه‌لگادایه‌!

كوشتنی مارك دوغان لاوی ته‌مه‌ن 29ساڵ رۆژی پینج شه‌مه‌ 4-8-2011 به‌ده‌ستی هیزه‌كانی پولیسی به‌ریتانیا له‌ گه‌ره‌كی توتینهام له‌ باكوری له‌نده‌ن، سەرهەڵدانی پیكدادان‌و توندتیژی كه‌سوكارولاوانی توره‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی دیڤیدكامیرونی لیَكه‌وته‌وه‌. رقو توره‌یه‌كانی لاوان وگه‌نجان بە تەوژمێکی خێرا بۆ شاره‌كانی به‌رمنگهام‌، ولڤیرهامتن، نوتینهام، مانچسته‌رو ناوچه‌ هه‌ژارنشینه‌كانی له‌نده‌ن گوازرایەوە. چه‌ندین دوكان‌و بازارو مالوباڵه‌خانه‌ شكینران‌و تالانكران‌و ئاگریان تیبه‌ردرا. تا ئیستا 4 كه‌س كوژراون‌و چه‌ندین هاولاتی مه‌ده‌نیو پولیس برینداربوون. نزیك به‌ 1500 هاولاتی ده‌ستگیركراون‌و 389یان سزای یاسایان به‌سه‌ردا سه‌پینراوه‌و 600 کەسی تریان له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی سزاداندان.

ئه‌م روداوه‌ ته‌واوی كۆمه‌لگای به‌ریتانیا راچله‌كاند. هه‌واله‌كانی زۆر خیرا ته‌واوی ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن‌و میدیاكانی جیهانی گرته‌وه‌. حكومه‌تی‌ ئیتلافی دیڤید كامیرونی سه‌رۆك وه‌زیرانی ناچاركرد كۆتایی به‌پشوی هاوینه‌ی بهینی وژووری عه‌مه‌لیات پیكبهیَنی بۆ به‌رگرتن به‌ توندوتیژی و ناره‌زایه‌تیكانی لاوان. كاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌لات به‌ پركردنی شه‌قامه‌كان به‌هیزه‌كانی پولیس و له‌قاودانی ئه‌و رووداوانه‌ به‌ ئاژاوه‌گیرو دزو هه‌ره‌شه‌ی گرتنو سزادان دەستی پێکرد. حزبه‌ ئوپۆزسیونه‌كانیش پشتیوانی خۆیان بۆ حكومه‌تی ئیتلافی راگه‌یاند له‌پیَناو رووبه‌رووبوونه‌وەی‌ ئه‌و رووداوانه‌. میدیاو ده‌ستگاكانی راگه‌یاندنی ده‌وریكی به‌رچاویان نواند له‌هاندان‌و جولاندنی ئیحساساتی نه‌ژاد په‌رستانه‌وه‌ و پیچه‌وانكردنه‌وه‌ی راستیه‌كانی پشتی ناره‌زایه‌تیه‌كانی لاوان، به‌شیَوه‌یه‌ك كه‌ ده‌ستی  پولیس وبه‌لتەجیەکانی ئاواڵه‌كرد بۆ پیَشیلكردنی مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كان تارادەی ژیاندنه‌وه‌ی تووی دووبه‌ره‌كی و دژایه‌تیكردنی خه‌لكی بیانی.

ئه‌م رووداوه‌ ئه‌و فرسه‌ته‌ی دایه‌ده‌ستی حكومه‌تی راسترەوی به‌ریتانیا تا بەشیوەیەکی کاتی فشاری ناره‌زایه‌تیەکانی یه‌كیتی‌یە كریكاری‌‌یەکان‌و قوتابیان‌ولاوان چین و تویژه‌كانی كۆمه‌لگا لەسەرخۆیان کەم‌ بکەنەوە کە هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاریانەوە به‌رۆكی پیَگرتبوون.  

ئه‌و راستیه‌ی ده‌توانریَ له‌رووداوه‌كانی چه‌ند رۆژه‌ی به‌ریتانیا دەربکێشرێ ئەوەیە کە ریشەی ئەو پشێوی‌و توڕەیی‌یەی لاوان له‌كۆمه‌لگای چینایه‌تی وئه‌و نایه‌كسانیه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌دایه‌ کە لەم کۆمەڵگایەدا هەیە‌و رەواجیشی پێدەدرێ. ریشەکەی لەو جیاكاریه‌یه‌ كه‌به‌سه‌ر خه‌ڵكی كریكار‌و زه‌خمه‌تكیشدا داسه‌پینراوە. لاوان كه‌ له‌هه‌ر كۆمه‌لگایه‌كدا هه‌لگری نوێخوازی‌و ئالوگۆری روولەپێشن، كاتیَك خۆیان لەگەڵ‌ سه‌رمایه‌داران‌و ده‌وله‌مه‌ندان بەراورد دەکەن‌و دەبینن کە له‌هه‌موو پیداویستیه‌كانی سه‌رده‌م به‌هرمه‌ندن، بەڵام خۆشیان لەهه‌ژاری‌و بیَبه‌شی‌ له‌پیداویستیه‌كانی رۆژانه‌یان ژیان دەگوزەرێنن‌و لە پەراویزی كۆمه‌لگادا راگیراون، لە نەبوونی بزوتنەوەیەکی سیاسی کرێکاری هوشیار کە هێزی خەبات‌و نارەزایەتی ئەوان رێك بخات‌و ئارستەی بکات، بەرەو بێئومێدی‌و کاری توندوتیژی بێبەرنامەو بگرە تاوان‌ دەروات.

ئیَمه‌ له‌فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عیراقی سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌له‌گه‌ل كاری توندوتیژوتیكده‌رانه‌دا نین، پشتیوانی خۆمان بۆ كاری ریَكخراو و خه‌باتیَكی سیاسی‌و هۆشیارانه‌ له‌ پیَناو كۆتایهینان به‌جیاكاری‌و بەدیهێنانی یەکسانی کۆمەڵایەتی رادەگەیەنین کە لاوان‌و سەرجەم بێبەشانی کۆمەڵگا لەدەوری‌ خه‌باتی ئازادیخوازانەو یه‌كسانیخوازانەی كریكاران کۆببنەوە. هەروەها بە ئەرکی یەکێتی‌و حیزب‌ولایه‌نه‌ سیاسی‌و کرێکاریەکان دەزانین کە نارەزایەتیەکانی ئەم بەشەی کۆمەڵگا لە خەباتێکی سیاسی لەوجۆرەدا رێكبخەن.

‌فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عیراقی

12-8-2011