ونکردنەویەک سەبارەت بە نوسراوی " مەکتەبی بەریتانیای یەکیێتی ی نیشتمانی ی کوردستان"


ئازادیخوازان و ڕەوەندی کوردستانی لەبەریتانیا


لەبەیاننامەیەکدا " مەکتەبی بەریتانیای یەکیێتی ی نیشتمانی ی کوردستان"چالاکی مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی چەتری ئازادی لە لەندەن لەبەردەم نوسینگەی حکومەتی هەرێم لە لەندەن بە " هاندانی خەڵک بۆ نانەوەی ئاژاوە و هێرش کردنە سەر بینا و ئۆفیس و بارەگای حیزبی و بنکە کۆمەڵایەتیە کوردیەکان و پەیتا پەیتا بە کوشتن و بە سوتاندنی بارەگا کوردیەکان تهدید دەکەن" .
بێگومان ئەم پروپاگەندانەی مەکتەبی یەکێتی لەلەندەن هەمان پروپاگەندەی حزبەکەیانە لە کوردستان کە لاوانی خۆپیشاندەری شاری سلێمانی بەئاژاوەگێڕ دادەنێن و کوشتنی "ڕێژوان" و "زمناکۆ" و بریندارکردنی دەیان هاوڵاتی تر بەڕەوا و بەپاراستنی ئارامی کوردستانی دەزانن . ئەگەر ئەم مەکتەبەی یەکێتی بە عەقڵێکی مەدەنیانەوە بیریان بکردایەتەوە شوێنەکەیان لە شوێنی خۆپیشاندانەکەوە زۆر دوور نەبوو تا بهاتنایە و بەچاوی خۆیان بیان بینیایە کە لەماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا کە سەدان ئازادیخواز لە ڕەوەندی کوردی و کۆمەڵگەی بەریتانی بەشداری ئەم چالاکیانەیان کردوە هیچ ئاژاوە و گێرەشێوێنیەک ڕووی نەداوە . دەیانتوانی خواستی خۆپیشاندەرانیان بەگوێی خۆیان ببیستایە کە داوای نەمانی دەسەڵاتی میلیشیایی و نامەدەنی حزبەکانی ئەوان و کۆتایی هاتنی کوشتاری خەڵکی سیڤیلە بەدەست هێزە سەربەزیەکانی دەسەڵات لە کوردستان دەکەین نەک تۆمەتی "کوشتن و سوتاندن" لەبەریتانیا بخەنە پاڵ ئەم خۆپیشاندانانە.
ئێمە لە یەکەم ڕۆژدا چوینەتەسەر نوسینگەی حکومەتی هەرێم و داوامان لێکردوون کە نوسینگەکە چۆڵ بکەن، لەبەرئەوەی پارتی و دەسەڵاتێک کە ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن ئیستا کوشتاری خەڵکی کوردستان دەکەن و چیتر دەسەڵاتی خوازراوی خەڵک نین و هەربۆیە نوێنەرایەتی کردنی ئەو دەسەڵاتە لە دەرەوە شەرعیەتی نەماوە و ئەم نوسینگەیە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکات.
هاوکات دوای سێ ڕۆژ خۆپیشاندانی مەدەنیانە و بە ئاگاداری پۆلیسی بەریتانیا ئیستا ڕەوەندی کوردی خۆی ئامادەکردوە بۆ ڕێپێوانێکی هێمنانە لە ڕۆژی 2 شەممەدا بۆ بەردەم ماڵی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تاکو داوا لە حکومەتی بەریتانی بکەین فشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی کوردستان کە ئەو توندوتیژی و کوشتارەی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی و شارەکانی تر ڕابگرن کە تائیستا چەند لاوی کوردی تێدا کوژراوە وبەدەیان هاوڵاتی بریندارکراون لەلایەن هێزەکانی پارتی ویەکێتیەوە.
دیارە ئەم داوایانە بۆ مەکتەبی یەکیتی لەلەندەن ئاژاوەگێڕیە و باسی سزای توندی یاسایی دەکا لەبەریتانیا دژ بەئاژاوەگێڕی بەڵام پێمان ناڵێ کە ئەو یەکێتی وپارتی یەی ئەوان لەلەندەن نوێنەرایەتی دەکەن ڕۆژانە خەڵکی بێچەک دەکوژن و برینداری دەکەن و دەیانگرن و سوکایەتیان پێدەکەن سزای یاساییەکەیان لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیدا چیە؟ ئەگەر وەکو لەم نوسراوەدا ئەم مەکتەبە دەڵێن " ئیمە لەکاتێکدا کە دژی هەموو جۆرە توند و تیژیەکین لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا و بە توندی ئیدانەی کوشتن و ئازاردانی هەموو رۆلەیکی کورد ئەکەین" بۆ نامە بۆ دەسەلاتدارانی کوردستان وبۆ حزبەکەیان یەکێتی نیشتمانی نانێرن کە دەست لە کوشتن و بریندارکردن و ترساندن و ڕاونانی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی هەڵگرێ و مافی خۆپیشاندانیان پێڕەوا ببینێ. بۆچی نامە بۆ ڕەوەندی کوردی دەنێرن تا دەست لە ناڕەزایەتی دەربڕین هەڵگرێ دژ بەو توندوتیژی و کوشتارەی دەسەڵات دەیکا؟ بێگومان مەکتەبی یەکێتی نیشتمانی بەم نوسراوەتان نیشانتان دا کە هەرچەندە لە ووڵاتێکی دیموکراتی وەک بەریتانیا دانیشتوون بەڵام لەبەرئەوەی نوێنەرایەتی دەسەڵاتێکی میلیشیایی دەکەن لەکوردستان زەرەیەک لەشارستانیەت و مەدەنیەت فێرنەبوون کە خۆتان نەکەن بە نوێنەری دەسەلاتێ کە لەم ڕۆژانەدا خەڵکی کوردستان لەسەر شەقامەکانی شاری سلێمانی خەڵتانی خوێن دەکەن.
بێگومان ئازادیخوازانی ڕەوەندی کوردی لە هەموو شارەکانی بەریتانیا دڵ و گیانیان لای کەسوکاری خەباتکار و ستەملێکراویانە لە کوردستان و بۆ پشتیوانی لە خواستە ئینسانیەکانیان وپاراستنیان لەدەست کوشتاری دەسەڵاتداران ئەم مانگرتن وخۆپیشاندان و ڕێپێوانانە درێژەپێدەدەن و بەم کارە نوێنەرایەتی خەڵکی مۆدێرن وپێشکەوتنخوازی کوردستان دەکەن و دەنگی ئازادی ئەوان بەنیا دەگەیەنن وئەمە دەبێتە جیگای ناوناوبانگی سەربەرزانە بۆ ڕەوەندی کوردی لەبەریتانیا و دەرەوە و هەروەها بۆ خەڵکی کوردستانیش .هەروەک دنیا ئەمڕۆ فەخر نە ناوناوبانگی خەڵکی شۆڕشگێڕی میسرەوە دەکات نەک بە موبارەکی دیکتاتۆر .دیارە ئەرکێک کە بەم مەکتەبەی یەکێتی سپیردراوە جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ئەرکی ئەو دەزگاسەرکوتانەی دەسەڵات لەناوەوە ئەویش یەک شتە ڕێگاگرتن لە گەشەکردن وسەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینانەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان و لەدەست دەرنەهێنانی ئەو بەهەشتە دزراوەی بەری ڕەنج و تێکۆشانی خەڵکە کە ئێستا ئەم دەسەڵاتدارانە وەک فیرعەون پێی دەژین.بەڵام نازانن ئەمە دەورەی کەوتنی فیرعەونەکان و نۆرەی دەسەلاتدارێتی خەڵکی کوردستانە.
ئازادیخوازان و ڕەوەندی کوردستانی لەبەریتانیا
ئێوە کە 20 ساڵە ئاشنای پروپاگەندەی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانەن کە بۆ درێژەپێدانی مانەوەی کورسی و تاڵانی داهاتی کوردستان باکیان لە درۆکردن و چەواشەکردن نەبوە ، وەرن بەبەشداریکردنتان لە ڕیُپیوانی ڕۆژی دووشەممەدا 21.02 نیشانی بدەن کە هەروەک دەورەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەمان بەسەرچووە دەوری درۆ و تۆمەت هەڵبەستەکانیشیان بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بەسەرچوە.

چەتری ئازادی لەلەندەن
‏20‏/02‏/2011