3
ئەمڕۆ شەممە (٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق – لقی کوردستان، لە باخی گشتیی سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران، چەندین چالاکیی جۆراوجۆری بەڕێوەبرد.
لە سەرەتادا، داوای لێبوردن لەو بەڕێزانە دەکەین کە کاتژمێر ٤ سەردانیان کرد، بەڵام بەهۆی لێکتێنەگەیشتنێک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، چالاکییەکان بۆ ماوەی کاتژمێرێک دواکەوت.
چالاکییەکان بریتی بوون لە:
پێشانگای فۆتۆگرافی: خستنەڕووی کارەسات و مەترسییەکانی ڕێگای کۆچی نایاسایی.نامیلکەی هۆشیاری: دابەشکردنی زانیاری بۆ گەنجان دەربارەی مەترسییەکانی کۆچکردن.گفتوگۆ و ڕاپرسی: گفتوگۆیەکی کراوە و گەرموگوڕ لەگەڵ هاووڵاتییان دەربارەی کێشەکانی کۆچ و دۆزینەوەی چارەسەرەکان.
پەیام و هەڵوێستی فیدراسیۆن:
لەم ڕۆژەدا، پەیام و هەڵوێستی فیدراسیۆن خرایەڕوو کە:«ئازادی سەفەر و هەڵبژاردنی شوێنی ژیانێکی ئارام، مافی سەرەتایی هەموو مرۆڤێکە.»
هەروەها:
ڕەخنەی توند لە کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێم و عێراق گیرا، بەهۆی نەبوونی هەلی کاروبێمافی هیرش بۆ سەرئازادیەکان، ناسەقامگیریی ئابووری و خراپیی خزمەتگوزارییەکان، کە هۆکاری سەرەکیی کۆچی گەنجانن.
بە توندی سەرکۆنەی سیاسەتی دیپۆرتی زۆرەملێ و نەژادپەرستانەی حکومەتەکانی ئەوروپا (بەتایبەت سوید، ئەڵمانیا و بەریتانیا) کرا، کە پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ پەنابەراندا دەکەن.
شایەنی باسە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان لەم چالاکییەدا بەشدارییان کرد.
لە کۆتاییدا، لقی کوردستانی فیدراسیۆن سوپاس و پێزانینی خۆی دەردەبڕێت بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاریان کرد لە بەڕێوەبردنی ئەم چالاکییە، هەروەها بۆ بەشداریی گەرموگوڕی هەڵسوراوان، گەنجان، کرێکاران و چین و توێژە جیاوازەکان، کە بەشدارییان لە گفتوگۆ و ڕاپرسییەکاندا کرد.
هەروەها سوپاس بۆ ئەو بەڕێزانەی لە سەرەتای چالاکییەکەوە هاوکارییان کرد لەگەڵ ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی چالاکییەکە بەڕێوەبچێت.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی / لقی کوردستان
٢٠/٦/٢٠٢٦
