سیاسەتی سات وسەودای حکومەتی هەرێم بە ژیان وچارەنوسی پەنابەرانی کوردەوە، پێویستە بەری پێبگیرێت!

دوێنێ دووشەمە ١٧/١/٢٠٢٢  وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لەسەردانێکی بۆ کوردستان لەگەڵ سەرۆکی  حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووە، گوایە دەربارەی پرۆسەی سیاسی عێراق وکیشەی کۆچبەران لەئەوروپا قسەوباسیان کردووە.

بە پێیی هەواڵەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێت ڕێگرى له‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و به‌كارهێنانى بۆ مه‌رامى سیاسى بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاریكاریى هاوبه‌شى وڵاتان به‌تایبه‌تى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌وروپا، پێویسته. ئەم جۆرە لێدوانانە جارێکی دیکە ئاماژەن بۆتێکدانی ژیانی هاوڵاتیانێك کە بەهەر هۆیەکەوەبێت روویان لەولاتانی ئەوروپا کردەوە. هاولاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵومەرجێکی سەختی ژیان و گوزەران و سەرکوتی سیاسی و نادیاری ئایندەی سیاسی کوردستانەوە ناچار بە جێهیشتنی کوردستان کراون، لەو ڕێگایەدا لە پێناو ژیانیکی ئارام وپاریزراودارووبەرووی کارەساتی مەرگی بەکۆمەڵ و خنکان لەدەریاکان وبێ سەروشوین بوون و لێدان سوکایەتی وزیندانیکردن ومامەڵەی نامرۆڤانەو دڕەندەی پۆلیسی سەرسنورەکانی ئەوروپا کراونەتەوە، که‌چی دەسەلاتدارانی هەرێم بە‌حکومه‌ت و ‌په‌رله‌مانیانەوە نه‌ك هه‌ر ڕێگه‌چاره‌یه‌کی بۆ ئه‌م دیارده‌یه‌ نه‌خستۆته‌ ڕوو وە بەرپرسیاریتی نیشان نەداوە به‌ڕەسمی نایناسێ، بەڵکو به‌چاوێکی سوك و که‌مه‌وه‌ له‌م دیاردەیە ده‌ڕوانن. لەوەش زیاتر لەچەند ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی لەڕیگای رێکەوتننامەی ژێر بەژێرەوە هاوکاری سیاسەتی بەزۆر ناردنەوەی هاولاتیانی هەرێمی کوردستان بوون کە لەدەرەوە داوای مافی پەنابەریان ڕەتکراوەتەوە .

وەزیری دەرەوەی حکومەتی لیتوانیاو سیاسەتی دوورووی حکومەتەکانی ئەوروپا بەرامبەر ئەم لێشاوە زۆرە لەپەنابەران بەگشتی وهاولاتیانی هەریمی کوردستان کە رووبەرووی ئەم تراژیدیا ناخ هەژینانە دەبنەوە، ئەو راستیە باش دەزانن کە ئەوپەنابەرانە قوربانی کارنامەی سیاسەتی دەستیوردانی سەربازی و سیاسی حکومەتەکانی ئەوروپا وغەرب و ململانی هێزە ئیمریالستی جیهان و ناوچەیەکان و پشتیوانیانن لەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرانە کوردستانە کە خەڵکی ئەو کۆمەڵگایانەی ناچار بە هەڵهاتن و وهەڵبژاردنی کەشتی مەرگ ودەربازکردنی ژیانی خۆیان خیزانەکانیانکردوە تا لە ژیانیکی ئارام خۆشبەخت بەهرەمەند بن. لەهەڵومەرجێکی ئاوادا دەرگا داخستن بەرووی هەڵهاتوانی جەنگ، توندکردنەوەی سنورەکان زیندانکردن و دیپۆرتکردنەوەو پێشێلکردنی تەواوی مافەکانیان، سیاسەتێکی چەوت و نائیسانییە کە لە لایەن  حکومەتەکەی لتیوانیاو حکومەتەکانی ئەوروپا بەرێوە دەچێت، ئەم سەردانەشیان لەدرێژەی هەوڵەکانیانەدایە لەپێناو سات و سەداو مامەڵەیەکی سیاسی تر بەژیانی پەنابەرانەوە. 

سەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوایە بەگرتنەبەری ڕێکاری توند دەیانەوێت ڕیگری بگرن لەکۆچکردن و بازرگانی بە مرۆڤەکانەوە، بەلام چاوی خۆیان لەو ڕاستیە دەپۆشن کە دەسەڵاتی سەرکوتگەر و تاڵانچی خۆیان هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان کوردستان جێبهێڵن.

 بەدەیان هەزار لە لاوان و خۆیندکارانی زانکو پەیمانگاکان دوای تەواوکردنی خویندن رووبەرووی بێکاری دەبنەوە، ئەمە سەرباری نا جیگیری ونادیاریی ئایندەی سیاسی کوردستان، کە جێگایەکی بۆ ژیان کردنی ئاسایی نەهێشتۆتەوە. لەو نێوەدا بەشێکی خەڵك توشی نائومێدی و سەرگەردانی دەبن، و بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە ڕێگای جیهیشتن کوردستان بەهەموو سەختیەکانیەوە دەگرنە بەر و دەیانەوێت بەهەر نرخێك بووە ڕزگاریان ببێت لە  دەسەڵاتی تاڵانچی و سەرکوتگەر و نابەرپرسی بزووتنەوەی کوردایەتی.

 خەڵکی کوردستان و پەنابەران لەدەرەوە لەوە ئاگادارن کە لەمانگی نۆڤەمبەر و دیسەمبەری ساڵی ڕابوردوودا، دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و سوکایەتی کردنیان بۆ سەر هەزاران پەنابەری کورد دەستپێکرد، کە بەمەبەستی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە وڵاتانی بیلاڕوسیا وپۆڵەندا لەسەر سنورەکان و لە ژێر بارودۆخێکی سەخت ومەترسیداردا  گیریان خواردبوو، سەرئەنجامیش لە ڕێکەوتنێکی سیاسی ژێربەژێردا بە هاوکاری حکومەتی عێراق و چەند وڵاتێکی ئەوروپی پەنابەرانێکی زۆریان ناچار بەگەڕانەوە کرد بۆ کوردستان. ئەم پەنابەرانە نەك هەر قەرەبوو نەکرانەوە، بەڵکو بەشێوازی جۆراوجۆر لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکومەتیەوە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوەو بێشەرمانە سوکایەتیان پێدەکرا.لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم  بەئامانجی وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی و شانخالیکردن لە بەرپرسیارێتی، دەیەوێت سات وسەودا و ڕێکەوتنێکی سیاسی تر بەژیان وچارەنوسی سەدان پەنابەران بکات لە وڵاتی لیتوانیا.

ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی وێرای ئەوەی کە ئەم سیاسەتی سات وسەودا و بازرگانیکردنە  لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمەوە بەژیانی پەنابەرانی کوردەوە ئیدانە دەکەین، هاوکات بانگەوازی سەرجەم ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لەمافی پەنابەری لە ئاستی جیهانیدا و هەروەها خەڵکی ئینسادۆستی کوردستان لە ناوەوە و لەدەرەوەی کوردستان دەکەین کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر ئەم سیاسەتی دژە ئینسانیەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی لیتوانیا بەرزبکەنەوە. هەروەها پێویستە یەکێتی ئەوروپا بەرپرسیاریەتی خۆی  لە پارێزگاریکردن لە ژیان وچارەنوسی پەنابەران بگرێتە ئەستۆ و  پابەندی یاساکانی مافی پەنابەری بێت کە خۆیان ئیمزایان لەسەر کردوە. ‌

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

١٨/١/٢٠٢٢

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

پەیامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی نارازی گەیشتە پەرلەمانی بەریتانیا

“یەکێك لەو کارانەی کە دەتوانرێت زۆر خێرا ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵک کە باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *