مەسەلەی  پەنابەری دەرهاویشتەی نیزامی سەرمایەدارییە!

بەیاننامەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بەبۆنەی یەکی ئایارەوە.

یەکی ئایار کرێکاران لەسەراسەری جیهاندا بە دروشمی ‘ کرێکارانی جیهان یەکگرن!’ ئەو ڕاستیە دووبارە دەکەنەوە کە کرێکاران لەهەر ڕەنگ و ڕەگەز، نەتەوەیەك بن، یەك ناسنامەی چینایەتی و نێونەتەوەیی و یەك بەرژەوەندی و ئامانجی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە.

سەرمایەداران لەهەر وڵات و هەر ڕەگەز و نەتەوە و ئاین و نەژادێك بن هاوبەشن لە دوژمنایەتیاندا بەرامبەر بە چینی کرێکارو ئازادی و خۆشگوزەرانی کرێکاران ‌و بەشمەینەتان. ئەم سیستەمە نایەکسانە کە بنەماکەی سیستەمی کۆیلایەتی بەکرێی ئینسانەکانە، بە قەیرانەکانیان  جیهانیان کردۆتە دۆزەخ. هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانە کراوەتە مەیدانی ململانێ و جەنگ و ملیتاریزم. ئەو هێزو بلۆکە ئەمپریالیستیانە لەپێناو بەرژوەندیەکانیان و بۆ قەرەبووکردنی ئەزمەی قوڵی ئابوریان کە یەخەگیریان بووە، دۆخێکیان خوڵقاندوە لە گرانی و بێکاری و هەژاری و برسێتی و لێگرتنەوەو بڕینی خزمەتگوزاریەکان و ئاوارەی و دەربەدەری و پەلاماردانی دەستەکەوتەکانی چینی کرێکار و ژیان و چارەنوسی ملیاردەها ئینسانیان لەنێوان ناکۆکی هێزەکانی چینی بۆرژوازی و دەوڵەتانی سەرمایەداری راگرتووە.

 دیاردەی  پەنابەری و ڕەوی بەکۆمەڵ و ئاوارەیش دەرهاویشتەی ئەو سیستەمەو قەیران و سیاسەتە قێزه‌و‌ن‌و شه‌ڕو کاولکاریانەن، کە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان ‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و قازانج و سود پەرستیدا، ئه‌م ئۆردووە گه‌وره‌‌ لە ئینسانەکانیان سەرگەردان ‌و ماڵوێران و ئاوارە کردووە. له‌ عێراق و ئه‌فغانستانەوە تا دەگاتە ‌ لیبیاو سوریا تا ئۆکرانیا…تاد، ئاسه‌وارێکیان له‌ بنەمای کۆمه‌ڵگە و ژیانی مه‌ده‌نی نه‌هیشتۆته‌وه‌، کۆمه‌ڵگەیان تا ئه‌وپه‌ری ڕاده‌ وێران ‌و نابوت کردووه‌، تیرۆرو کوشتوبڕو ده‌یان باندی ئینسانکوژی‌ و مافیایی درێژە بە تەمەنی نەنگیان دەدەن. لە ئاکامی ئەوەشدا بە دەیان و سەدان ملیۆن ئینسان رووبەڕوون لەگەڵ برسێتی و گرانی و بێکاری و نائەمنی، هه‌ر بۆیه‌ بەناچاری  بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ کە رێگاو دەروازەیەکی شیاو  بۆ ئایندەیان شك نابەن، به‌کۆمه‌ڵ ڕه‌و ده‌که‌ن ‌و که‌شتی مه‌رگ هه‌ڵده‌بژێرن، مەترسی بەخۆیان و ژن و منداڵەکانیان دەدەن تا له‌ ده‌ستی دڕندایه‌تیه‌كانی سیسته‌م ‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی ‌و ئیسلامی ڕزگاریان بێت. ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ خه‌ڵكیان له‌ سه‌ره‌تاییترین مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی ‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان بێبه‌شکردوه‌، داخوازی ‌و داوا ڕه‌واکانیان ژێر پێناوه‌و ژیان ‌و ئازادی ‌و داهاتووی خه‌ڵکیان به‌ بارمته‌گرتوه‌. ئەمەش چەند جاری تر ئەوەمان پێ دەڵێت کە ناڕۆشنی و ئەو بێ ئاسۆیەی  سەرمایەداری تیکەوتوە بەهۆی نەبونی ڕێگا چارەو بەدیلیان بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە ئابوری و حکومەتیەیی لەگەڵی بەرەوڕوون، بەتایبەتیش بەهۆی ڕێك نەکەوتنیان لەسەر دوبارە دابەشکردنەوەی جیهان و جێخستنی سیستەمە ئەمنی و ئابورییە ناوچەیەکانیان و دیاریکردنی ناوچەکانی نفوزیان، بڕیاریان داوە سەراپای جیهان لەخوێن و کاولکاری و گرانی وهەژاریدا رابگرن. 

لەبەرامبەر بەو دۆخە سەخت و مەترسیدارەی کە بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیان خوڵقاندویانە، پێویستە ڕێگایه‌کی کارسازو واقعی بۆ ڕاگرتنی قەیرانی پەنابەری و ئاسەوارەکانی پەیدا بکەین، نابێ ڕێگە بدەین بە سەرمایەداری و حکومەت و دەسەڵاتەکانیان لە وڵاتەکانیان سیاسەتی ئەوپەڕی نائینسانی بەرامبەر پەنابەران پەیڕەوی لێبکەن، لە چەشنی گرتن و راونان و توندکردنەوەی سنورەکان و سیاسەتی دیپۆرت و دورخستنەوەی پەنابەران بۆ دورگەکان و سیاسەتی کەمپسازی و راگرتنیان بۆ ساڵانێکی زۆر لەژێر خێمەو دەواردا لە خراپترین ژیان کە شایستەی ئینسان نەبێت.

ئەم حکومەت و دەوڵەتانە سه‌رچاوه‌ی ئه‌و وه‌زعه‌ پڕ مه‌ینه‌ته‌ن که‌ ئارامی و ئه‌منیه‌ت و هه‌لومه‌رجی ژیانکردنیان بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ و دەیان کۆمەڵگەیان نقومی جه‌نگ و داگیرکاری و تیرۆریزم و نائه‌منی و جۆره‌ها کاره‌ساتکردوه‌.

بانگەوازی ئایاری ئەمساڵ بۆ به‌شه‌ريه‌تی شارستانى، خەڵکی ئازادیخوازو ئینساندۆست ئەوەیە‌ کە بۆ به‌رگری لەمافەکانی پەنابەران و راگرتنی ئەو تراژیدیا سامناکانه‌ی پەنابەران  و خەڵکی لێقەوماو  لەگەڵیدا دەرگیرە، ئەوەیە کە  درێژە بە خەباتیان  بدەن لە پێناو کردنه‌وه‌ی سنوره‌کان و گوشارهێنان  بۆ حکومه‌ته‌کان کە مافی په‌نابه‌ریان بده‌ن  و خۆپیشاندان و که‌مپه‌ینی جۆراجۆر له‌ وڵاته‌کانی ئه‌وروپا بۆ‌ گۆڕینی یاساکانی ئه‌وروپا، وەڕێبخەن و لەبه‌رانبه‌ر به‌ جوڵانه‌وه‌ راسیستی و نه‌ژاد په‌رستیه‌کان بوەستنەوەو بۆ ئەوەی گیان و حورمەت و ئاسایشی ئینسانەکان پارێزراو بێت، لەوەش زیاتر بۆ ئیمە چینی کرێکارو بەشەرێتی شارستانی و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی و پێشکەو‌تنخواز پێویستە ئەو ئاسۆیه‌مان هەبیت، کە بە‌‌ دژی ته‌واوی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ی دیاردەی پەنابەری بەرهەمهێناوە بێنه‌ مه‌یدان، مەسەلەی پەنابەری مەسەلەی ئێمە کرێکارانە، هەربۆیە ڕێگاچاره‌ی گۆڕینی دۆخی ئێستای ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ و له‌به‌ینبردنی زه‌مینه‌کان و ئه‌و هۆکارانه‌ی که‌ پاڵ به‌ خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌نێت ژیانی پەنابەری هەڵبژێرن لەدۆست و ئازیزانیان دورکەونەوەو ئه‌و ڕێگا سه‌خته‌ هه‌ڵبژێرن، له‌ده‌ستوردا دابنێین. تا کاتێك که‌ ئه‌مەمان‌ نه‌کردبێت، هاتنی پەنابەران بەلێشاو و تراژیدیاو کاره‌سات و ئەو نه‌هامه‌تیيانە‌ درێژه‌ى ده‌بێت. ئه‌مه‌ش‌  پێویستی بەهاوکاری و هاوسۆزی و هاتنەمەیدانی چینی کرێکاری پێشڕه‌وە‌ بۆ بەهاناوە چوونی پەنابەران و بەڕەسمیت ناسینی مافی پەنابەری و مامەڵەکردنیان وەك ئینسان و رێزگرتن لە حورمەتی ئینسانی و مافی هاوڵاتی یەکسان. دەبا هەموان پێکەوە بەدەنگی بەرز دژ بەجەنگ و میلیتاریزم و دەخالەتی ئەم دەوڵەتانە رابوەستین و بەرگری لە بەرژەوەندی چینایەتیامان بکەین،  بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یه‌کسانی و ئاسوده‌یی کۆمه‌ڵگای ئینسانی…

پەنابەران بەشێکن لەچینی کرێکارو بەرگریکردن لێیان ئەرکی ئێمەیە.

بژی یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار

٢٤/٤/٢٠٢٣

 

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

پەیامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی نارازی گەیشتە پەرلەمانی بەریتانیا

“یەکێك لەو کارانەی کە دەتوانرێت زۆر خێرا ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵک کە باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *