بەناوی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی (IFIR)، ئەوپەری سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان ئاراستەی هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان وکاسبکار و چین و تویژە جیاوازەکانی کوردستان لەناوەوەو دەرەوەی کوردستان بەگشتی و خەڵکی کەرکوک بەتایبەتی دەکەین، کە بەشدارییان کرد لە “هەڵمەتی بەهاناوەچوون” بۆ پشتیوانی لە خەڵکێك کە بوونە رەمزی بەرگری و تیکشکاندی دەسەلاتی دڕندەی داعش وە وەکەوتنە بەردەم هیرش وداگیرکاری دەسەلاتی ڕاگوزەری ئەحمەد شەرع لە سوریادا، کە ئاوارەبوونی گەرەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە، گەماری نامرۆڤانەی کۆبانی لێکەوتەوە.
هاوکاری و بەدەنگەوە هاتنی ئێوە، نەك هەر توانی ببێتە هاوکاری دەیان خێزانی گەمارۆدراو ئاوارە، بەڵکو جارێکی تر نیشانیدا، کە هاوکاری هاوچارەنووسەکانتان، چەندە ورە بەخش و جێگای پێشوازییە. لێرەدا بە ئاگاداریتان دەگەیەنین کە سەرجەم هاوکارییەکانتان لە خۆراك و پێداویستییە کۆکراوەکان لە ڕیگای رێکخراوەکەمانەوە بە ئەمانەتەوە گەیشتۆتە دەستی خاچی سوور، بۆ ئەوەی لەڕێگای ئەوانیشەوە دابەشی سەر خێزانە کەم دەرامەت و ئاوارەکانی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا، بکرێت.
لە ساتەکانی قەیران و رودانی پێشهاتە نەخوازراوەکاندا هاوکاری و هاودڵی لەنێوان یەکتریدا، کارێکی گەورەی ئینسانییەو ورەو ئیرادە بەخشە بۆ خۆراگری و تێپەراندنی دۆخە سەختەکان.
سوپاس بۆ پشتگیری و متمانەتان و پابەندبوونتان بە یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە زۆرجار دەنگیان نابیسترێت. پێکەوە نیشانمان داوە کە هاودەنگی دەتوانێت هەموو سنوورەکان ببڕێت.
ماوەتە بڵێن سوپاسی زۆرمان بۆ ئەو خۆبەخشانەی لەچوار رۆژی هەڵمەتەکەماندا لە شاری کەرکوك و گەرەکی شورجە کاتی خۆیان پێمان بەخشی، وێنەتان زۆر بێت و بەیەکەوە نیشانماندا کە هاوبەشی کاری پیکەوەی بەرهەمی دەبێت و ئاستی چاوەروانیمان دەباتە سەرەوە.
لەگەڵ ئەوپەری پێزانینێکی دڵسۆزانە
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەری عێراقی

IFIR-Ku فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی