پەیامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی نارازی گەیشتە پەرلەمانی بەریتانیا

“یەکێك لەو کارانەی کە دەتوانرێت زۆر خێرا ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵک کە باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی هەیە، یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی مامۆستایان و پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووسانە”

ووتەی جۆن ماکدۆنێڵ – پەرلەمانتاری حیزبی کرێکاران لە پەرلەمانی بەریتانیا سەبارەت بە پەیوەندیەکانی حکومەتی بەریتانیا لەگەل حکومەتی هەرێم

٧/٢/٢٠٢٤

ئێمە وەك دۆستی کوردستان قسە دەکەین، دۆستی ڕاشکاوانەی کوردستان. بەدرێژایی ساڵانی پێشوو لەگەڵ فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق و بەتایبەتیش دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆن کارم کردووە.

لە ناوچەکەمدا پێکهاتەی کورد لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە و بە تایبەتی کۆمەڵێك خوێندکاری کورد کە لە زانکۆی برونێل بوون لەو کاتەی شاری هەڵەبجە کیمیاباران کرا و هەزاران خەڵك ژیانیان لە دەست دا.

زۆرێك لەو خوێندکارانە لە ناوچەکەدا مانەوە و نیشتەجێ بوون، بەشدارییەکی گەورەیان لە ژیانی کۆمەڵگەی ناوچەکەدا کرد. ناچارم بڵێم، لەو کاتەی کارەساتی هەڵەبجە ڕوویدا، ئەندام پەرلەمانی هەمان ناوچەی پێش من پشتگیری سەدام حوسێنی دەکرد -شەرمەزارییە بۆ ئەم پەرلەمانە.

وەک هاوڕێیەکی پەیگیر و وەک سەندیکاگەرێک دوو پرس دەوروژێنم. یەکەمیان پەیوەندی بە مانگرتنی مامۆستایانەوە هەیە کە ئێستا بەڕێوەیە. دووەمیان، چونکە من سکرتێری گروپی NUJ- سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسان-م لە پەرلەمان، مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان. 

پەرلەمانتاری بەڕێز جاك لۆپرێستی ڕاستی فەرموو سەبارەت بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و گەندەڵی و جێبەجێنەکردنی یاسا بەپێی پێویست لە ئێستادا و دەشبێت ڕاستگۆ بین لەگەڵ خەڵکدا.

بە کورتی بەشێك لەو نامەیە دەخوێنمەوە کە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لە کوردستانەوە ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراوە. ناکۆکییەکە چەند مانگێکە بەردەوامە و نیگەرانی و ئازارێکی بێئەندازەی بۆ مامۆستایان و کەسوکارەکانیان دروست کردووە. بڕگەی یەکەم ئەمەیە:

دەڵێن: “ئێمە، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، کە پێکهاتووین لە نوێنەرانی ١٣ شار و شارۆچکەی ناڕازی، ئاگادارتان دەکەینەوە کە دوای ١٣٠ ڕۆژ لە خەباتی مەدەنی، بایکۆت، خۆپیشاندان، و لەدەستدانی وەرزێکی خوێندن، دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم، لەبری ئەوەی داواکارییە سەرەتاییەکانمان جێبەجێ بکەن کە بریتین لە:

“دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە، دامەزراندنی وانەبێژان، دابەشکردنی مووچە هەموو ۳۰ ڕۆژ جارێك، هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی ئەوەی بە “٤٤ مانگ مووچەی دزراو” وەسفی دەکەن”. بەڵام لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی هەرێم خەریکی فشاری نایاسایی، نامرۆڤانە و هەڕەشەی توندوتیژی دژی مامۆستایان بەگشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی خۆپیشاندان بەتایبەتی دەکەن.

ناکۆکییەکە لەسەر چییە؟ ناکۆکییەکە پەیوەندی بە پێنەدانی مووچەوەهەیە. ماوەی چوار مانگە مامۆستایان مووچەیان وەرنەگرتووە و لە ئەنجامدا خێزانەکانیان لە زۆر حاڵەتدا لە لێواری نەداریدان. تەنها داوای خەرجکردنی مووچەی مانگانە و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیکە لە کەرتی پەروەردە و کۆتاییهێنان بەو گرێبەستە کاتییانە دەکەن کە لەم دواییانەدا زۆرێک ناچاربوون وەریبگرن.

هەروەها دەشبیت لەسەر سیاسەتیش قسە بکەم؛ دەبێت ڕاستگۆ بین لەو بارەیەوە. مامۆستایان دەشیانەوێت دەستێوەردانی لایەنە باڵادەستەکان لە کاروبار و کاری دامەزراوەکانی حکومەت و بەتایبەتی لە سیستەمی پەروەردەدا بوەستێنن. ئەوە داواکارییەکی ڕەوایە و پێویستە پشتگیریان بکەین، داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەم بە خێرایی بگەنە چارەسەری کێشەکە، چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژیانی سیاسی دەبێت.

من بە ناوی ڕۆژنامەنووسانەوە پرسی دووەم دەوروژێنم، بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ و بەتایبەتیش لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو – هەمیشە پرسێك هەیە سەبارەت بە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کە هەوڵیان داوە بە وردی و دادپەروەرانە ڕاپۆرت نەك تەنها لەسەر چالاکییەکانی دامەزراوە سیاسییەکانی ناو کوردستان بەڵکو لەسەر کاروباری کۆمەڵگەی مەدەنیش بەگشتی بکەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی دەست سەندیکا گەیشتووە، سەرکوتکردنەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ تاڕادەیەک بێبەزەییانە بووە و چڕتر بووەتەوە، چونکە ناڕەزایەتی ڕوودەدەن و ڕۆژنامەنووسان هەوڵیان داوە ئەو ناڕەزایەتیانە ڕاپۆرت بکەن. لە ڕێگەی سەندیکاوە ڕاپۆرتمان پێگەیشتوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنکردنی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان.

ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە بە قووڵی منی نیگەران کرد. لەو کاتەدا ڕێکخراوی لێبوردن جیهانی ڕایگەیاند:

“دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەستیان بە سەرکوتکردنێکی ترسناك کردووە”

ئەمە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بووە. 

“ئەوان چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانیان دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی ساختە لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا دادگاییکراون و هەروەها خێزانەکانیان هەراسانکردووە و لە تاریکیدا سەبارەت بە دۆخی ئازیزانیان لە زینداندا ڕایانگرتوون.”

ئەوە لە ڕاپۆرتی جێگری بەڕێوەبەری ئەوکاتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا بووە.

ئەم هەڵوێستانە درێژەی بووە. ڕێکخراوی لێبوردن لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی ١٤ کەسی خەڵکی بادینان کردووە کە لە نێوان مانگی ئازار تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بە هەرەمەکی لەلایەن ئاسایش و هەواڵگری حکومەتی هەرێم و دەسگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکراون. 

دۆسیەکە تایبەت بوو بەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەوەی ڕەخنەیان لە دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و ڕاپۆرتی نارەزایەتییەکانیان کردبوو. لەو کاتەدا – ئێستا بەڵگەی زیاتر هاتۆتە ئاراوە – بەڵگەی ئەشکەنجەکردن و مامەڵەی خراپ لە کاتی دەستگیرکردن لە بنکەی ئاسایش هەبووە و ژمارەیەک دانپێدانان لە ژێر فشاردا دەرهێنراون. لە ڕاستیدا، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، بنکەکەی لە پاریسە، لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا، کە لە ٣ی ئایاری هەموو ساڵێکدایە، پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەریی جیهانی بڵاودەکاتەوە، عێراق لە ڕیزبەندی ١٦٧ی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا لە کۆی ١٨٠ وڵاتدایە.  ئەوە بۆخۆی جێگەی نیگەرانییە، هەروەهاعێراق لە پلەی پێنجەمی ئەو ١٨٠ وڵاتانەدایە کە ڕۆژنامەنووسان دەکوژرێن و بکوژەکان لە سزا دەرباز دەبن- ئەمەیان لە ڕاپۆرتە بەناوبانگەکەی “کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندابوو” – ئەم کۆمیتەیە بنکەکەی لە نیویۆرکە – دووبارە بۆتەوە

عێراق بە کوردستانیشەوە تا ئێستا یەکێکە لە وڵاتە مەترسیدارەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان. لەم دواییانەدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لەسەر نوێکردنەوەی سزای ڕۆژنامەنووسان لێدرا- لەگەڵ هەندێک سزای تا شەش ساڵ زیندانی- و نوێکردنەوەی سزاکان. دەمەوێت بە کورتی تیشک بخەمە سەر کەیسەکانی ژمارەیەك کەس. پەیامنێرانی بێ سنوور زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لەبارەی زیادبوونی پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و بەتایبەتی سەبارەت بە نوێکردنەوەی سزای شێروان شێروانی لێدا، کە لە میدیاکانی ئەو وڵاتەدا بە سزایەکی دڕندانە و ناڕەوا وەسفکرا. ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2023 دادگای هەولێر سزای شەش مانگی دیکەی زیندانیکردنی بۆ ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری دەرکرد. پێدەچێت سزای شەش مانگ زیندانی تا ڕادەیەک بە ڕێکوپێکی هەموو شەش مانگ جارێک نوێ بکرێتەوە؛ بۆ گۆهدار، ئەوە سێیەم جار بوو کە سزاکەی نوێکرایەوە. 

پەیامنێری ڕۆژ نیوز، سلێمان ئەحمەد، کە تا ئێستا پارێزەرەکەی و کەسوکاری ڕێگەیان پێنادرێت بیبینن، سلێمان ئەحمەد بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا دەستگیرکرا. ئەو دۆسیەیە بەبێ هیچ بەڵگەیەک هێنرایە پێشەوە. کەسوکارەکەی داوای دەستڕاگەیشتن و شەفافیەتێکی زیاتر دەکەن سەبارەت بەوەی کە چ بەڵگەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دەستگیرکردنەکەی.

دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان کاتێك خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت یان کاتێک مانگرتنی کرێکاران هەبێت دەگاتە لوتکە، وەک ناڕەزایەتی مامۆستایان کە لە ئێستادا ڕوودەدات. بەئامانجگرتنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەیانەوێ ئەو پرسانە ڕاپۆرت بکەن، لەلایەن کەسانی ناوخۆیی و لەناو کۆمەڵگەی ڕۆژنامەوانیدا لە ئاستی جیهانیدا، بە هەوڵێکی دەسەڵاتداران بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی دەزانن.

دیارە نەبوونی بەرپرسیارێتی لە سیستەمی دادوەرییدا هەیە. هەردوو پارلەمەنتاری بەڕێز فیزتۆن و برادلی ستۆک ئاماژەیان بەو چاکسازییانە کرد کە پێویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سیستەمێکی دادوەری سەربەخۆ و دادپەروەرانە بێتە ئاراوە. نیگەرانم لەوەی کاتێک دێتە سەر ڕۆژنامەنووسان و یەکێتییە کرێکارییەکان، هەستێك هەبێت کە سیستەمی دادوەری سەربەخۆ یان دادپەروەر نییە و لە ڕاستیدا دەبێتە ئامرازێکی سیاسەتمەداران کە ئامانجیان بێدەنگکردنی ڕەخنەگرانە لە هەڵوێستەکانانیان.

وەکو پێشووش باسکرا حکومەتی بەریتانیا پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ کوردستان و گەلی کورد هەیە بەهۆی مێژووی ئێمە و ئەو چالاکییانەی کە بە تایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویانداوە بۆ دامەزراندنی کوردستان و هاندانی گەشەسەندنی وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی کە بەرپرسیار بێت بەرنابەر خەڵکەکەی. بەداخەوە بەشێک لە بەردی بناغەی دەوڵەتی دیموکراتیک کە ئێمە هیوای بۆ دەخوازین، بەتایبەتی سەبارەت بە ئازادی سەندیکاکان و ڕۆژنامەنووسان، لەلایەن ڕژێمی ئێستاوە پێشێلکراوە. لە ئەنجامدا، پێموایە حکومەتی بەریتانیا بەرپرسیارێتی هەیە. ئێمە نیگەرانییەکانمان بەرانبەر دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان دەخەینەڕوو و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ فشارخستنە سەریان بۆ پابەندبوون بە بنەما دیموکراسیەکان. داننان بە ئازادی سەندیکا و ئازادی ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕاپۆرتکردن بەبێ مەترسی وە پاراستنیژیانیان.

داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکەم کە سەرزەنشتێکی ڕاستگۆیانەی دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان بکات؛ پشتیوانی خۆمان بۆ کورد و بۆ کوردستان دەرببڕین، بەڵام زۆر بە ڕوونی بڵێین کە پێوەرەکان لە ئێستادا لە ئاستی پێویستدا نین. یەکێک لەو کارانەی کە دەتوانرێت زۆر خێرا ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵک کە باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی هەیە، یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی مامۆستایان و پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووسانە.

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

با پێکەوە بۆ پشتیوانی لەخواستە ڕەواکانی مامۆستایان و وانەبێژان لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لەندەن بەشداری بکەین.

دژ بە گوشارەکانی دەسەڵاتداران بۆ سزادانی مامۆستایان و وانەبێژان دەنگی ناڕەزایەتی دەردەبڕین!   با پێکەوە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *