چەواشەکاری و شێواندنی ڕاستیەکان، ڕووی دووهەمی ناچارکردنی هاووڵاتیانە بەژیانی پەنابەری. ” لە وەڵام  بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم سەبارەت بە  پەنابەران”

چەواشەکاری و شێواندنی ڕاستیەکان، ڕووی دووهەمی ناچارکردنی هاووڵاتیانە بەژیانی پەنابەری.

لە وەڵام  بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم سەبارەت بە  پەنابەران

رۆژی ١٤-١١-٢٠٢١ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە یەکێك لە دەزگا ئەمنیەکانی سەر بە دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی ، لە پەیوەند بە کارەساتی گەمارۆدانی پەنابەرانی کوردەوە لە نێوان سنورەکانی ووڵاتانی بیلاڕوسیاو پۆلەندا، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە، کە سەرتاپای پڕاوپرە لە درۆ وچەواشەکاری. ئەم ئەنجومەنە،  وەك ئەوەی کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەنێو خەوێکی قوڵی  ٣٠ ساڵەدا بن و ئاگایان لە کارنامەی دژە ئازادی ودژە ئینسانی ئەم دەسەڵاتە نەبن، زۆر بەڕوویەکی قایمەوە جورئەتی کردووە و باس لەوە دەکات) کە بەشێک لەو هاووڵاتییانە لە لایەن پەکەکە و کۆمەڵێک قاچاخچی و هەندێ کۆمپانیای گەشتوگوزار و هەندێک بازرگانی سیاسی،

ئیستیغلال کراون کە بەهانەی جۆراوجۆر بخەنە ڕوو و تۆمەت ببەخشنەوە بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دۆسیەی وەرگرتنیان لەو ووڵاتانە بەهێزتر بکەن) هەروەها دەڵێت”(هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەبەر کێشەی سیاسی و ئازادیی کەسی ناچار نەبووە کوردستان جێبهێڵێت ) و لە درێژەدا دەڵێت (هەموو ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیە. بە دروست نازانین(، ئەم پاساوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم جگە لە شان خاڵی کردنەوەی دەسەڵات لەو هەموو بێ مافی و سەرکوت و بێکاری و کە سەپاندوویانە بەسەر  هاووڵاتیانی مەحرومی کوردستاندا، دەیەوێت، تاوانەکانی خۆی بخاتەسەر شانی لایەنیتر و ڕووی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بەلاڕێدابەرێت،  ئەمە لەکاتێکدایە کەهەردوو حزبی یەکێتی وپارتی لەکوردستاندا سیستەم و دەسەلاتێكیان  دامەزراندووە کە لە وەڵام بەماف و ئازداییەکان و ژیانی هاووڵاتیاندا بە بنبەست گەیشتووە و  ناڕەزایەتیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی و نەفرەتی لاوان و ژنان وکرێکاران وفەرمانبەران وە سەرجەم چین توێژەکانی بەرامبەر بەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرە هێناوەتە ئاراوە و بەشێك لە هاووڵاتیان لەدرێژی ناڕەزایەتیان بەناچار ڕێگای بە جێهیشتنی کوردستانیان هەڵبژاردووە.  ئاخر ئێمە دەپرسین  کێن ئەوانەی تۆمەت دەبەخشنەوە؟ئێوەیەك کە ژیان وئایندەی هەرێمی کوردستانتان بەستۆتەوە بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و  حکومەتە کۆنەپەرستەکانی  ناوچەکە وخەڵکتان لەچاوەڕوانی و  نائومێدیدا ڕاگرتووە،ئێوەیەك کەرۆژێك لەژێر ناوی ئابووری سەربەخۆو  رۆژیك گەڕانەوە بۆ بەغدا و یارکردن لەچوارچێوەی فیدرالیزمێکی شکست خواردوودا، ئێوەیەك کە هەر رۆژەی دەستی تیرۆریستانی ئێران و تورکیا دەهێننە سەرماڵو حاڵی خەڵکی کوردستان کە هیچ ئەمنیەتێکتان بۆ هاووڵاتیانی ژێر دەستی خۆتان نەهیشتۆتەوە، ئەی ئەوە دەسەڵاتەکەی ئێوە نیە کە خەڵکتان لەگەڵ بێ مووچەیی وگرانی وبێکاری و نەبوونی سەرەتایترین خزمەتگوزاری بەرەو ڕووکردۆتەوە و خەڵکی لەسەر بیروباوەڕی سیاسی نانبڕاو و  دەربەدەر دەکەن و ڕێز لە  یاساکانی خۆشتان ناگرن و چەکدارەکانتان بەڕۆژی ڕووناك خەڵکی سیڤیل لەسەر داواکردنی نان گولەباران دەکەن؟ رۆژنامەنووس دەکوژن، مامۆستا شەقکاری دەکەن، لەخۆتان بپرسن ئایا خودی لایەنگرانی خۆتان هەست بەئارامی دەکەن لە ژێر سایەی دەسەڵاتی چەکداری و ملهووڕی میلیشیاکانتان..؟ ئیدی باسکردن لە بوونی ئازادی وئاسایش و ڕێز گرتن لەمافەکانی مرۆڤ لە ژێر سایەی دەسەڵاتەکەی ئێودا وەك  گێرانەوەی چێرۆکێکی خەیاڵی لێهاتووە وچیدی خەڵك بەم درۆیانە بڕوا ناکەن . پەنابەرانی گەمارۆدراو لە سنورەکانی بیلارۆسیا وپۆلەندا لە دەستی دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەماکارییەکانی ئێوە ووڵاتیان بەجێهێشتوە و دەیانەوێ ژێانێک بژین بۆ خۆیان ونەوەکانیان  کە شایستەی مرۆڤ بوونیان  بێت، کەرامەتیان پارێزراو بێت و  ئازادو خۆشگوزەران بن . 

هەربۆیە ئەم بانگەشە فریوکاریانەتان پاساوێکی پوچ بێ بناغەیە بۆبەرگری لە سیستەم و دەسەلاتەکەتان . ئێوەش و حکومەتەکانی ئەوروپا کە ئێستا دەرگای سنورەکانی بەڕووی پەنابەراندا داخستووە، بەرپرسن لەو تراژیدیا وکارەساتانەی کە رۆژانە بەرۆکی هاووڵاتیانی کۆمەڵگای کوردستان دەگرێت و لەسەرتانە باجەکەی بدەن. لەخۆتان پرسیووە ئەم هەموو هاووڵاتیە بۆ لە دەست ئێوە هەڵدێن وداوای مافی پەنابەری دەکات ؟ هەر ئینسانێك تۆزقاڵێك ئاگای لەواقعی ژیانی تاڵی خەڵکی کوردستان بێت لەژیر سایەی دەسەڵاتەکەی ئێوەدا کە سەرچاوەی نائەمنی، وئاوارەیی، دەربەدەری و شێواندنی شیرازەی کۆمەڵگان،   ئەزموونی٣٠ ساڵ حکومەتداریتان لە ئاوەڵاکردنی دەرگا ودەروازە سنوریەکانی کوردستانەوە بۆ دەزگا جاسوسیەکانی میتی تورکیا و ئیتلاعاتی ئیرانەوە تا پێش لەشکری هێزی دەستدرێژی کاری ئەمریکا و چەندین  دەوڵەتی داگیرکاری دیکە لە عێراق وناوچەکە، تا کردەوەی دەستدرێژیەکانتان لە نێوخۆی کوردستانیشدا بۆ سەر ژیان و ئازادیەکانی خەڵک  هەر لە سەرکوتی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و گوللەبارانکردنی خۆپیشاندەران و کوشتن و بریندارکردنی دەیان گەنج و خەڵکی بێتاوان، لەنمونەی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ تاوەکو  زیندانیکردنی چەندین مامۆستا وهەڵسوڕاوی مەدەنی لە شارەکانی هەولێر و دهۆك  لەساڵی ٢٠٢١ سزادانیان بە چەندین ساڵی زیندانیکردن  بە تاوانی ئەوەی کە خۆپیشاندیان کردووە بۆ مووچە و داواکاریە سەرەتاییەکانی خەڵك وە برەودان بەتاوانەکانی کوشتنی ژنان و تیرۆرکردنی موخالیفینی سیاسی …تاد، ڕاستیەکی حاشا هەلنەگرە کە تەنانەت ناوەندە جیهانیەکان وڕێکخراوە کانی داکۆکیکارلە مافەکانی مرۆڤ   لەبابەتی هیومەن ڕایت وەچ و ئەمنیستی ئەنتەرناسیونال نەیانتوانیوە نکۆلی لێ بکەن.

کەوایە ئەوە ئێوەن کە ئەمنیەت و ئاسایشی کۆمەڵگاتان خستۆتە مەترسیەوە، ئەوە ئێوەن سەروەتوسامانی کۆمەڵگاتان بۆ خۆتان لوش داوە و کۆمەڵگای کوردستانتان لە ڕووی ئابووری ، کۆمەلایەتی، سیاسیەوە وێرانکردووە ،هاووڵاتیان هەڵهاتوو لەدەست سیستەمی فەرمانڕەوایی ئێوە کەیستان لەسەر دروست ناکەن بەڵکو ڕاستیەکان وناشرینیەکانی دەسەڵاتی ئێوە بۆ دونیا ئاشکرا دەکەن .

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

١٦/١١/٢٠٢١

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

ئاستەنگیەکانی بەردەم ئازادی رۆژنامەگەریی لەکوردستانو گرنگی هاوپشتی جیهانی

ناونیشانی ئیوارەکۆرێکە لە لەندەن بۆ دیاری محمد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانی رۆژنامەنوسان لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *