19
لە چوارچێوەی سەپاندن و جێبەجێکردنی سیاسەتی راسیستانە و رەگەزپەرستانەی حکومەت، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا زۆر بێ شەرمانە هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی عێراقی دەستپێکردوە، لەم بارەیەوە سەرەتا بۆ شاردنەوە وداپۆشینی ناوەرۆکی دژە ئینسانی ئەم سیاسەتە ولە دەستپێکی جێبەجیکردنی ڕێکەوتنێکی نهێنی لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران، دەیانووت ئەو کەسانەی بەزۆر ڕەوانەی عێراق و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، پەنابەرانێکن کە کەیسی ( تاوانکاریان) هەیە، بەڵام دوای چەند مانگێک ناوەرۆکی ئەم ڕێکەوتنە نەگریسە ئاشکرابوو، ئیدی روون بۆیەوە، کە ئەمە سیاسەتێکە ناوەرۆکەکەی بازرگانی کردنە بەژیان و چارەنوسی پەنابەران وبازرگانەکانیش بریتین لە دەسەڵاتداران لە هەردوو حکومەتی عیراقی و ئەڵمانی، بەداخەوە لەئەمساڵدا ولە ماوەی دوو مانگدا، واتە مانگی شوبات و ئازار، دوو پرۆسەی بەزۆر ناردنەوە و دیپۆرتکردنەوە لە ئەڵمانیاوە بۆ عێراق وشارەکانی هەرێم ئەنجامدران، بە جۆریک بەشی زۆری ئەو پەنابەرانە هیچ کێشەیەکی یاسایی وتاوانکاریان نەبووە، ئەمەش ڕووی راستەقینەی سیاسەتە ڕەگەزپەرستی و راسیستانەی حکومەتی ئەڵمانیای دەرخستەوە.لەمانگی شوبات ٤٧ پەنابەر لە شاری هانۆڤەرەوە هەروەها جارێکی دیکە لە سەرەتای ئەم مانگە ( ئازار) جارێکی دیکەی ٤٧ پەنابەری دیکەی بە زۆر رەوانەی عێراق وشارەکانی هەرێمی کوردستان کرانەوە.