دەستگیرکردن ودیپۆرتی زۆرە ملی کۆچبەران لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوەبەتوندی ئیدانە دەکەین
usr_web171_1
تەممووز 31, 2025
ڕاگەیاندن, ماڵهوه
456 Views
ڕاگەیاندنی رۆژنامەگەری فیدراسیۆن :
بەیانی رۆژی هەینی ٦/٦/٢٠٢٥ بریکارە فیدراڵیەکانی کۆچبەری و جێبەجێکردنی گومرگی ئەمریکا (ICE)، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ (DHS)، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) و ئیدارەی جێبەجێکردنی ماددە هۆشبەرەکان (DEA) هەڵمەتێکی سەربازیان لەژیرناوی “ئۆپەراسیۆنی جێبەجێکردنی کۆچبەری” لە چەند شوێنێکی ناوەندی شاری لۆس ئەنجلۆس کەدووهەم گەورەترین شاری ئەمریکایە وە زۆربەی دانیشتوانەکەی لە ئەمریکای باشورەوە هاتوون، ئەنجام دا کە نارەزایەتی بەرفراوانی هەڵگیرساند دژ بەدەستگیرکردنی ژمارەیەك کۆچبەر لە جیشتخانەوەوکارگەو دوکانەکاندا بەمەستی دیپۆرتکردنەوەیان. بەپێی ئەو زانیاریانەی بلاوکراوەتەوە، ئەو کەسانەی کە گومانیان لە “پێشێلکاری کۆچبەری و بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە” هەبووە، دەستگیرکراون. دەستگیرکردنەکان بەبێ فەرمانی دادوەری ئەنجامدراون، بەپێی چەند چاودێرێکی یاسایی و لەلایەن یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکاوە پشتڕاستکراوەتەوە. هەڵمەتەکان بەشێك بوون لە دەستپێشخەرییەکی فراوانتر لەژێر سیاسەتە چڕکراوەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کۆچبەری.
لەم هەڵمەتەدا زیاتر لە ٧٠ کەس دەستگیرکراون وتەنیا سێ پارێزەر ڕێگەیان پێدراوە بچنەناو ئەو ناوەندە دەستبەسەرییەی کە تێیدا ڕاگیراون بۆئەوەی ڕاوێژکاری یاسایی پێشکەش بکەن. دەستگیکردنەکان بەشیوەیەك بووە کە ئەو کەسانەی رفینراون. ئەوانەی دەستگیریان کردوون دەمامکیان بەستوەو فەرمانی دەستگیرکردن یان هیچ جۆرە بەڵگەنامەیەکیان نیشان نەداوە لەکاتی ئەنجامدانی دەستگیرکردنکەدا. بریکارەکانی فیدراڵی کە بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بە ئوتومبیلی جۆری رەش و زریپۆشبون و بە قورسی چەکدار بوون و جلوبەرگی تایبەتیان لەبەردا بووە.
بەپێی زانیارییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چاودێریکردن لە هەندێك ناوچەدا بەکارهێنراون و چوونە ژوورەوە بۆ شوێنەکان بە شریتی زەرد گیراوە، هاوشێوەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆری مەترسیدار یان دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکاندا دەگیرێنەبەر. گروپەکانی ئازادییە مەدەنییەکان دەڵێن “ئەو تاکتیکانەی کە بەکارهێنراون ترس و دڵەڕاوکێیان لە کۆمەڵگا دا دروستکردووە و لەوانەیە پرۆتۆکۆڵەکانی جێبەجێکردنی کۆچبەری مەدەنی پێشێل کردبێت”
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵمەتەکان لەڕێگەی سۆشیال میدیا و لەڕێگەی تۆڕەکانی داکۆکیکردن لە کۆچبەران، سەدان خۆپیشاندەر لە دەرەوەی بینای فیدراڵی ئێدوارد ئاڕ ڕۆیبال لە ناوەندی شاری لۆس ئەنجلۆس کۆبوونەوە، کە دەستگیرکراوەکان لەوێدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، خۆپیشاندەران دەروازەکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوونیان بۆ بیناکە داخست و دروشمیان بەرزکردەوە و داوای ئازادکردنی ئەو کەسانەیان دەکرد کە دەستگیرکراون. لە ئێستادا پەیتا پەیتا خۆپیشاندانەکان بەرفراوان دەبێتەوەو شارەکانی تریشی گرتۆتەوە. لەبەرامبەرادا بەفەرمانی ترامپ پاسەوانی نیشتیمانی بۆ ئەوشارانەی نارەزایەتی تیا بەرپا بوو، زیادکردوە.
بەمشیوەیە پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و سپرای بیبەر و فیشەکی پلاستیکی هێرشیان کردۆتەوە سەر خۆپیشاندەران. بەم شیوەیە رووبەرووبوونەوە و توندوتیژی لەنیوان خەڵك و پۆلیس لە رۆژی هەینیەوە بەردەوامە . دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە”زیاتر لە ١٥٠خۆپیشاندەر دەستگیرکراون، لە نێویاندا منداڵ هەیە”
بەرپرسانی ناوخۆی ویلایەتی لوس ئەنجلس کاردانەوەیان بەرامبەر بەم رووداوە نیشانداوەو” ئیدانەی ئەو هەڵمەتانە و شێوازی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵمەتانەیان کرد.” لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی هەینی لە کەناڵی ئێکس بڵاویکردەوە، کارین باس سەرۆکی شارەوانی لۆس ئەنجلۆس وتوویەتی” ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە “تیرۆر لە کۆمەڵگاکانماندا دەچێنن و بنەما سەرەکییەکانی سەلامەتی لە شارەکەماندا تێکدەدەن”.
دەشتی جەمال سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەبارەت بەم هەڵمەتەی پۆلیسی ئەمریکا بۆ سەر کۆچبەران ووتی”ئەم کارانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤن و ژیانی کۆچبەران دەخەنە مەترسییەوە. ئەم کارە قێزەونە ڕەنگدانەوەی هەڵکشانی بەرنامەی کۆنەپەرستی سیاسەت و ستراتیژ و پراکتیکی رەگەزپەرستانەو جیاکاری دۆناڵدترمپە لەنیودلی قەیرانێکی هەمەلایەنەو ناکۆکییەکانی سەرمایەدا دەستی بۆ بردوە، لەپاڵ هێرش بۆسەر دۆخی ژیان و کاری چینی کریکارو خەڵکی کەمدەرامەت و ژنان وگەنجان و خۆیندکاران، کۆچبەرانی بەئامانج گرتوە، ئێمە دژی ئەم هەڵمەتە نایاسایی و نامرۆڤانەیە و دەستگیرکردن و ودیپۆرتی کۆچبەرانیین کە توندوتیژی لێکەوتۆتەوەو داوای وەستاندنی هەڵکوتانە سەر کۆچبەران وئازادکردنی دەستبەجێی دەستگیراوەکان دەکەین، داوای هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتێك دەکەین کە پشتی بەترس و زیندانیکردن و دورخستنەوەی زۆرەملێ بەستوە، هەموو مرۆڤێك مافی ئەوەی هەیە بە سەلامەتی و بە کەرامەتەوە بژی. ئەم کارە دڕندانە و نایاساییانەی دەسەلاتی ترەمپ پێویستە لەلایەن ئازادیخوازان و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی مرۆڤەوە ڕیسوابکرێت”