بەیاننامەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە
usr_web171_1
تەممووز 31, 2025
ڕاگەیاندن, ماڵهوه
551 Views
لەپێناو بەرز ڕاگرتنی بنەماکانی مافی پەنابەری
پێکەوە دژ بە دیپۆرتی پەنابەران دەنگ هەڵبڕین!
٢٠ی حوزەیزان ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە که لهلایهن ڕێکخراوهکانی نهتهوهیهکگرتووهکانەوە لەساڵی ١٩٥١ەوە به فهرمی دانیپانراوە. با هەموو پێکەوە ئەم یادە بکەینە رۆژی بەرگری لە مافەکانی پەنابەران و ژیانی ئەو ملیۆنان کەسەی کە بەهۆی شەڕ و نائارامی و دەستێوەردانی بەرژەوەندخوازانەی جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکان و هێزە نیابەتیەکانیان بەهۆی ستەم و نادادپەروەریەوە ناچار بوون ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەری هەڵبژێرن! ئەوانە تەنها ژمارە نین بەڵکو کەسانێکن کەنەك هەر چیرۆکی مانەوە، بەڵکو هیوای داهاتوویەکی باشتریان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتوە.
ئەمڕۆ تەنها ڕۆژێك نییە بۆ یادکردنەوە، بەڵکو ڕۆژی هەنگاوی بەکردەوەیە، رۆژێکە دەبێت ڕووبەڕووی ئەو سیستەمە ببینەوە کە ئەو کەسانە بە تاوانبار دەزانن کە بەدەیان هۆکار ناچار بە هەڵاتن کراون و بەشوێن سەلامەتی و ژیانێکی ئارامدا دەگەڕێن. دەبێت ئەو سیاسەتانە ڕەت بکەینەوە کە مافە سەرەتاییەکان لە مرۆڤەکان زەوت دەکەن و ئینکاری مافە زۆر سادەکانیان دەکەن، تەنها لەسەربنەمای ئەوەی کە لەکوێوە هاتوون! پەنابەران شایەنی زیاترن لە هاوکاری و هاوسۆزی، شایەنی دادپەروەری و پاراستن و دەرفەتن.
بەچاوخشانەوەیەکی خێرا بەدنیای ئەمڕۆدا ئەو راستیە بەرجەستە دەبێت کە سەرمایەداری لەناو گێژاوی قەیرانەکاندا گیریکردوەو بەشوێن قازانج وسود و کەڵەکەی سەرمایەدا ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش و کەمدەرامەتی رووبەڕووی هەژاری و برسێتی و گرانی و بێکاری و بێمافی کردۆتەوە.. دەستیداوەتە لێگرتنەوەی خزمەتگوزاریەکان و تەنگەبەرکردنەوەی ئازادیەکان. فەزای شەڕو میلیتاریزمی پەرەپێداوە لەپێناو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزەو کانزا و کەرەستەی خاودا هاوشانی جەنگە بازرگانیەکانیان! شەڕی سێ ساڵەی بەوەکالەتی نێوان ناتۆ و روسیا لە ئۆکرانیا، بەشێکە لەو دەستشکاندنەوەی هێز و جەمسەرە ئیمپریالیستیەکان کە ژیانی سەدان هەزار مرۆڤی کردۆتە قوربانی و سەدان هەزاریشی تووشی پەککەوتەیی و ملیۆنەها هاوڵاتی ئۆکرانیای ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا کردوە. حکومەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کە پشتی بە پشتیوانیی دارایی و سەربازی و سیاسی و میدیایی بەرفراوانی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ڕۆژئاوا بەستوە، لە هەوڵەکانیدا بۆ لەناوبردنی جەماوەری فەلەستین هەموو سنوورەکانی بەزاندووە. ماوەی ساڵێك و هەشت مانگە دوو ملیۆن کەس لە غەززە لەژێر بۆردومانی توند و بۆمبی فسفۆریدان کە لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەبارێنرێ و لە زەویشەوە گەمارۆی ئاوو خۆراك و پێداویستیە دەرمانی و پزیشکیەکانیان لەسەر دانراوە و بەشێوەیەکی رۆژانە کۆمەڵکوژ دەکرێن!
هەڵومەرجی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کەبەردەوام لەبەردەم مەترسی جیدیدایە، باری نائارام و نائیستیقراری لوبنان و سوریا و سودان و لیبیاو عیراق.. هەموو ئەمانە بەرهەمی ئەم دۆخە قەیرانگرتوەی سەرمایەدارین کە خەریکە لەگەڵ قەیران و چاوچنۆکی و گرفتەکانی خۆیدا مرۆڤایەتی لەگەڵ بێمافی و دەیان کێشەو گیروگرفت بەرەو رووکردۆتەوە. ئاوارەیی و مەسەلەی پەنابەری بەرهەمی سیاسەتی شەڕو کێشمەکێشی ئەم هێزە ئیمریالیستیانەیە لەپێناو سەرلەنۆی دابەشکردنەوەی جیهاندا.
پەنابەران لە شەڕ و گۆشەگیری و ئەشکەنجە و مردن پەنا بۆ هەڵهاتن دەبەن و تەحەمولی سەختی و مەترسی رێگەوبان، موجازەفەکردن بەژیانی خۆیان مناڵەکانیان دەبن! هەڵهاتن بەچوپ و یەختی دارزیوو بەدەریا و زەریاکاندا بە جەنگەڵ و دارستانەکانی ئەوروپادا تا دەستیان لە ژیانێکی ئارام گیر ببێت، بەڵام لەلایەن دەوڵەتانی ئەورپاوە سنورەکانیان بەروودا دادەخرێ و رێوشوێنەکانی پەنابەری سەختگیر دەکەن و لەناو هوتێل و کەمپ و هایم و دورگە دوردەستەکان و شوێنە سەربازیەکان و کەشتیەکان و گرتووخانە دەستبەسەرەکاندا ڕایاندەگرن یان زیندانیان دەکەن. ئەمە سەرباری بڕینی سەرجەم خزمەتگوزاریەکان لە فێربوونی زمان و تەندروستی و ڕێنمایی یاسایی و مافی سەفەرو هاتووچوو، مەحرومکردنیان لە یەکگرتنەوەی خێزان.. هەڵهاتن و داوای پەنابەریان دەکەنە تاوان و سزایەك لەسەریان تەنها لەبەرئەوەی بەدوای سەلامەتیدا دەگەڕێن، ئەمە سەرباری هەڵکشانی ڕاسیزم و فاشیزم ڕاستڕەوی بۆرژوازی لە ئەوروپا و چوونەسەر دەسەڵاتی پارتە فاشیست و ڕاسترەوە توندڕەوەکانی بۆرژوازی بۆسەر دەسەڵات و سیاسەتی خۆپڕچەكکردن و تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ چەك و پێشبڕکێی میلیتاریستی و سەپاندنی باج و گرانی بەسەر چینی کرێکارو خەڵکی کەمدەرامەتەدا، خەریکن بەم شێوەیە ئاسەوارەکانی لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو شمەکان و بێکاری و بڕینی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و بیمەکان .. هەمووی بخەنە ئەستۆی خەڵکی بیانی و پەنابەرانێك کە قوربانی دەستی سیاسەت و کردەوەکانی هەر ئەو حکومەتانەن .
بەشێکی زۆری حکومەتەکانی ئەوروپا و بەریتانیا کەتوونەتە هەڵمەتێکی شەرمهێنەر بۆ دیپۆرتی زۆرەملی پەنابەرانێك کە لەدەست مەرگ هەڵدێن، دەستیان خستۆتە دەستی ئەو حکومەتە کۆنەپەرست و زۆردارانەی پەنابەرانی لێوە هەڵهاتووە ڕێکەوتن دەکەن، بەزۆر و بە فشاری پۆلیس و کۆماندۆکانیان راپیچی زیندانیان دەکەن و پاشان بۆ وڵاتەکانی خۆیان دیپۆرتیان دەکەنەوە، پەنابەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان لەریزی ئەو قوربانیانەدان کە کەوتوونەتە بەر ئەم هەڵمەتە نامرۆڤانەیە، لەکاتێکدا دیپۆرتی زۆرەملێ، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییەکانە، لەنێویاندا بنەمای بنەڕەتی نەگەڕانەوەی پەنابەران، کە گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ ئەو شوێنانە قەدەغە دەکات کە ژیان یان ئازادییان دەخاتە مەترسیدایەوە.
دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و دەبێت دەستبەجێ کۆتایی پێبێت. ئێمە لەفیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بەتوندترین شێوە ئیدانەی دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران دەکەین و بەکارێکی دڕندانە و نامرۆڤانە و نایاسایی دەزانین کە کەرامەتی مرۆڤەکان دەشکێنێ و خێزانەکان لەیەکتر جیادەکاتەوە. دووبارە بەدەیان هەزار ئینسان رووبەڕووی ئەم دۆخە سەختە دەکاتەوە کە بۆتە هۆکاری هەڵاتنیان. با پێکەوە بۆ بەرزڕاگرتنی بنەماکانی مافی پەنابەری وە بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ کەسێك لەسەر پەنابردن سزا نەدرێت، لەم رۆژەدا، واتە لەڕۆژی جیهانی پەنابەراندا دژ بەسیاسەتی دیپۆرتی زۆرەملی پەنابەران رابوەستین، بەدەنگی بەرز بڵێین ڕەگەزپەرستی لە کۆمەڵگاکەماندا جێگەی نییە و لە هەموو شوێنێك ڕووبەڕووی ببینەوە و رێگە نەدەین ژیانمان بێبەها بکات و مافەکان و داهاتووەمان لەناو ببات. با پێکەوە هەوڵەکانمان بۆ بەدیهێنانی جیهانێك توند بکەینەوە کە کەس ناچار نەبێت لێی هەڵبێت. تا ئەوکاتەی ئەو جیهانە بەدی دێت، دەست راگەیشتن بەمافی پەنابەرێتی مافێکی سەرەتایی ئینسانە، پەنابەران شایەنی ژیان و ئازادی و سەلامەتین. ئێمە لەگەڵ پەنابەران تەنها رۆژێك نا، بەڵکو ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک لەمەیداندا ڕاوەستاوین.