Author
usr_web171_1
انگەوازی نێودەوڵەتی بەپەلە: ژیان ڕزگار بکە پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت
by usr_web171_1
written by usr_web171_1
پاراستنی پەنابەرە سیاسییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان
هەموو پەنابەرێکی سیاسی مافی ئەوەی هەیە بە سەلامەتی بژی
کەمپەینی دادپەروەری بۆ غەزاڵ ئەم بانگەوازە بەپەلەیە ئاراستەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆکاروباری پەنابەران (UNHCR، OHCHR، ئەنجومەنی مافی مرۆڤ)، یەکێتی ئەوروپا، حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکیتی کرێکاریەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەکاتەوە.قەیرانەکە
سەدان پەنابەری سیاسی ئێرانی لە هەرێمی کوردستاندا لە گەڵ مەترسیەکی نزیك وراستەخۆدا بەرەو روون. ئەوان لە ئەنجامی چەوساندنەوەی سیستەماتیک، ئەشکەنجە و هەڕەشەی سێدارەدان لە ئێران هەڵهاتوونم بەلام ئێستا ڕووبەڕووی ژینگەیەکی پەرەسەندنی نائەمنی دەبنەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران گوشارەکانی بۆ سەر حکومەتی هەرێم چڕکردۆتەوە بۆ دوورخستنەوە یان ڕادەستکردنی ئەو کەسانە. هەر گەڕانەوەیەکی زۆرەملێ (refoulement) دەیانخاتە بەردەم گرتن و دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردن و لەسێدارەدان.لاوازی و میراتی غەزاڵ
ئێمە ڕەتیدەکەینەوە جارێکی دیکە شایەتحاڵی کارەساتێکی دیکەی وەك کارەساتەکەی غەزاڵ بین. غەزاڵ، ئەندامی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی تەمەن ١٦ ساڵ، دوای ئەوەی لە کەشێکی ترسی سیاسیدا لە کاتی خۆیدا لەچاودێری پزیشکی بێبەشکرا، گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ ژنان و گەنجان و خێزانەکان ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی دەبنەوە، بەرگەی هەژاری و جیاکاری و دوژمنایەتی کۆمەڵایەتی دەگرن.
داواکارییە بەپەلەکانمان:
1. ڕاگرتنی دیپۆرتکردنەوە: ڕێگری لە هەر جۆرە ڕادەستکردنەوەیەك یان گەڕانەوەی زۆرەملێ پەنابەران بۆ ئێران.
2. گەرەنتی سەلامەتی: دڵنیابوون لە پاراستنی دەستبەجێی هەموو پەنابەران لە هەرێمی کوردستان.
3. نیشتەجێکردنی بەپەلە: داوای لەرێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR بکەن کە ڕێڕەوێکی فریاگوزاری بۆ ئەو کەسانە دابنێت کە مەترسی دەستبەجێیان لەسەرە.
4. پاراستنی و دابینکردنی پاڵپشتی دەستبەجێ بۆ ژنان و منداڵان.
5. چاودێری نێودەوڵەتی: جێگیرکردنی میکانیزمی سەربەخۆی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ.
6. گەرەنتی گشتی: داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بە ئاشکرا پابەند بێت بە پرەنسیپی نەگەڕانەوە.
بەشداری کەمپینەکە بکە:
بانگهێشتی یەکیتی کریکاریەکان و لایەنە سیاسییەکان و مرۆڤدۆستان دەکەین کە پشتگیری لەم بانگەوازە بکەن. پشتگیریمان بکەن بە واژۆکردن و هاوبەشکردن و پەیوەندیکردن بە حکومەتەکانتانەوە.
ئەمڕۆ لەگەڵمان بن. ڕەنگە سبەی زۆر درەنگ بێت.
کەمپەینی داد بۆ غەزاڵ
٥ی تەموزی ٢٠٢٦
سیاسەتە نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا و کاریگەرییەکانیان لەسەر پەنابەران بانگەوازی بەرەیەکی سەراسەری بۆ پاراستنی مافەکانی پەنابەران
by usr_web171_1
written by usr_web171_1
لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦، یەکێتی ئەوروپا هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پەیمانی نوێی کۆچ و پەنابەری خستە بواری جیبەجیکردنەوە. ئەم پەیمانە بە ناوی چاکسازی سیستەمی پەنابەری و بە مەبەستی خێراترکردنی پرۆسەی تاقیکردنەوەی داواکارییەکانی پەنابەری، بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورە دەرەکییەکان، ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچیی مرۆڤ پێشکەش کراوە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بە نیگەرانییەکی قووڵەوە سەیری ئەم گۆڕانکارییانە دەکات و پێی وایە ئەم سیاسەتانە تەنها گۆڕانکارییەکی یاسایی نین، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و کاریگەرەو گورزێکە لە ژیان، ماف و ئازادی و داهاتووی هەزاران پەنابەری هەڵهاتووی لەدەست جەنگ نائارامی وناعەدالەتی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی.
ئێمە پێمان وایە ئەم سیاسەتە نوێیانە ئەم مەترسیی سەرەکیانە لەخۆ دەگرن:
یەکەم: خێراکردنی بڕیاردان لەسەر کەیسەکانی پەنابەری
لە ژێر ئەم سیستەمەدا، داواکارییەکانی پەنابەری بە خێرایی زیاتر تاقی دەکرێنەوە و بڕیاریان لەسەر دەدرێت. ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە زۆرێك لە پەنابەران دەستگەیشتنی تەواویان بە پارێزەری یاسایی، وەرگێڕی شیاو و ئامادەکردنی بەڵگە و دۆکیمەنتەکانی نییە. لە دۆخێکی ئاوادا، هەڵەیەکی بچووك یان کەمبوونەوەی بەڵگە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکە و چارەنووسی مرۆڤێك بەبێ دادپەروەریی تەواو بڕیاری لێ بدرێت.
دووەم: دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ناڕاستەوخۆی پەنابەران
بەپێی ڕێوشوێنە نوێکان، پەنابەران دەتوانرێت لە ناوچەکانی سنوور یان ناوەندە تایبەتەکان بگیرێن و بۆ ماوەیەك لە شوێنە داخراوەکاندا بمێننەوە. زۆرجار ئەم ناوەندانە لە ڕووی بارودۆخی ژیان و سنووردارکردنی ئازادییەکانەوە وەك زیندان دەچن.
ئەم جۆرە مامەڵەیە کاریگەرییەکی خراپی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر پەنابەران جێدەهێڵێت و هەست بە ترس، ناڕەحەتی و بێئومێدی لەناویاندا زیاد دەکات. کە هەموو ئەمانەش پێچەوانەی ئەو دەرفەت ڕەخساندنەیە کە یاساورێسا نێودەولەتیەکان بۆ پەنابەر دەرەخسێنن.
سێیەم: مەترسیی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ
ئەم سیاسەتانە ڕێگا بۆ گەڕاندنەوەی خێراتری ئەو پەنابەرانە خۆش دەکەن کە داواکارییەکانیان ڕەت کراوەتەوە. لە زۆر حاڵەتدا ئەو وڵاتانەی پەنابەران بۆی دەگەڕێندرێنەوە هێشتا جەنگ، ناسەقامگیری، توندوتیژی، هەڕەشەی سیاسی یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیان تێدایە. بۆیە ئەم سیاسەتە دەتوانێت ژیانی زۆرێك لەو پەنابەران بخاتە مەترسییەوە کە پێشتر ناچار بە ڕوو کردنە هەندەران بوون.
چوارەم: سنووردارکردنی مافە یاساییەکان
لە ژێر سیستەمی نوێدا، دەستگەیشتن بە دادگایی و چاوپێداگێرانەوەی بڕیارەکان سنووردارتر دەبێت. لە زۆر حاڵەتدا تەنها یەك جار مافی تانە لە بڕیارەکان دەرەخسێندرێت، هەروەها دەستگەیشتن بە یارمەتی یاسایی کەمتر دەبێت. ئەمە دەتوانێت دادپەروەری لاواز بکات و مافی بەرگری لە پەنابەران بسەنێتەوە.
پێنجەم: کاریگەرییە تایبەتەکان لەسەر ژنان، منداڵان و خێزانەکان
ژنان، منداڵان و خێزانەکان لە زیاترین قوربانیانی ئەم سیاسەتانەن. مانەوە لە ناوەندە داخراوەکان، دواکەوتنی خوێندن، قەلەقی و نائارامی فشاری دەرونی کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تەندروستی و گەشەی منداڵان دادەنێت.
شەشەم: ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتانی سێیەم
بەپێی هەندێك لە پێشنیارەکان، دەتوانرێت پەنابەران بۆ وڵاتانی سێیەم بنێردرێن، تەنانەت ئەگەر هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بەو وڵاتانەوە نەبێت. ئەمە مەترسییەکی گەورە دروست دەکات، چونکە زۆرجار پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتانەدا لاوازە و داهاتووی پەنابەران نادیار دەبێت.
حەوتەم : لە حالەتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران بۆ ولاتانێك کە لێوەی هاتوون، لە ئەگەری هەر رووداوێکی نەخوازراو بۆ ئەو کەسانەی کە دیپۆرت دەکرێنەوە، ئەوە بەرپرسیاریەتی ئەو رووداوانە لە ئەستۆی ئەو ولاتەیەدایە کە پەنابەران دیپۆرت دەکەنەوە!
داواکارییەکانی فیدراسیۆن و بەرەی پاراستنی مافەکانی پەنابەران
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی دژ بە هەر سیاسەت و یاسایەك دەوەستێت کە ماف و کرامەتی مرۆڤانەی پەنابەران سنووردار بکات. ئێمە داوا دەکەین:
-
پاراستنی تەواوی مافی پەنابەری بەپێی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.
-
وەستاندنی دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی بێهۆی پەنابەران.
-
دابینکردنی سیستەمێکی دادپەروەر، شەفاف و مرۆڤانە بۆ داواکارییەکانی پەنابەری.
-
دابینکردنی پاراستنی تایبەت بۆ ژنان، منداڵان و خیزانەکان.
-
دروستکردنی ڕێگا یاسایی و سەلامەت بۆ داواکردنی پەنابەری و گواستنەوەی مرۆیی.
بانگەواز
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بانگەوازی هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی بەرگریکارلە پەنابەران، یەکێتییە کرێکارییەکان، هەڵسوڕاوان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو هێزە پێشکەوتنخوازەکان دەکات بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە سەرانسەری ئەوروپا، بۆ بەرگری لە مافەکانی پەنابەران و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەدژە پەنابەریو جیاکاری بینە مەیدان.ئێمە باوەڕمان وایە کە پاراستنی ماف و کەرامەتی مرۆڤانەی پەنابەران تەنها بەرپرسیارێتی پەنابەران نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی هەموو ئیمە بەرەی شارستانی و مرۆڤدۆستە.
لە ژێر ئەم سیاسەتانەدا، پەنابەر تەنها مەترسیی لەدەستدانی مافەکانی نییە، بەڵکو ئازادی، ئاسایش و داهاتووشی دەکەوێتە مەترسییەوە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٥/٦/٢٠٢٦
ئەمڕۆ شەممە (٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق – لقی کوردستان، لە باخی گشتیی سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران، چەندین چالاکیی جۆراوجۆری بەڕێوەبرد.
لە سەرەتادا، داوای لێبوردن لەو بەڕێزانە دەکەین کە کاتژمێر ٤ سەردانیان کرد، بەڵام بەهۆی لێکتێنەگەیشتنێک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، چالاکییەکان بۆ ماوەی کاتژمێرێک دواکەوت.
چالاکییەکان بریتی بوون لە:
پێشانگای فۆتۆگرافی: خستنەڕووی کارەسات و مەترسییەکانی ڕێگای کۆچی نایاسایی.نامیلکەی هۆشیاری: دابەشکردنی زانیاری بۆ گەنجان دەربارەی مەترسییەکانی کۆچکردن.گفتوگۆ و ڕاپرسی: گفتوگۆیەکی کراوە و گەرموگوڕ لەگەڵ هاووڵاتییان دەربارەی کێشەکانی کۆچ و دۆزینەوەی چارەسەرەکان.
پەیام و هەڵوێستی فیدراسیۆن:
لەم ڕۆژەدا، پەیام و هەڵوێستی فیدراسیۆن خرایەڕوو کە:«ئازادی سەفەر و هەڵبژاردنی شوێنی ژیانێکی ئارام، مافی سەرەتایی هەموو مرۆڤێکە.»
هەروەها:
ڕەخنەی توند لە کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێم و عێراق گیرا، بەهۆی نەبوونی هەلی کاروبێمافی هیرش بۆ سەرئازادیەکان، ناسەقامگیریی ئابووری و خراپیی خزمەتگوزارییەکان، کە هۆکاری سەرەکیی کۆچی گەنجانن.
بە توندی سەرکۆنەی سیاسەتی دیپۆرتی زۆرەملێ و نەژادپەرستانەی حکومەتەکانی ئەوروپا (بەتایبەت سوید، ئەڵمانیا و بەریتانیا) کرا، کە پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ پەنابەراندا دەکەن.
شایەنی باسە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان لەم چالاکییەدا بەشدارییان کرد.
لە کۆتاییدا، لقی کوردستانی فیدراسیۆن سوپاس و پێزانینی خۆی دەردەبڕێت بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاریان کرد لە بەڕێوەبردنی ئەم چالاکییە، هەروەها بۆ بەشداریی گەرموگوڕی هەڵسوراوان، گەنجان، کرێکاران و چین و توێژە جیاوازەکان، کە بەشدارییان لە گفتوگۆ و ڕاپرسییەکاندا کرد.
هەروەها سوپاس بۆ ئەو بەڕێزانەی لە سەرەتای چالاکییەکەوە هاوکارییان کرد لەگەڵ ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی چالاکییەکە بەڕێوەبچێت.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی / لقی کوردستان
٢٠/٦/٢٠٢٦

ڕۆژی دووشەممە ٨ی حوزەیران لە شاری بێلفاست لە ئیرلەندای باکوور، کەسێك کە دەوترێت خەڵکی سودان بووە بە چەقۆ تاکێکی کوشتووە و دەستگیرکراوە و خراوەتە بەردەم دادگاکان. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای ئەوەی ئەم ڕووداوە بڵاوکرایەوە، گروپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان هێرشی هاوئاهەنگودڕندانەیان لە سەرانسەری شارەکەدا دەستپێکرد. ئۆتۆمبێل و ماڵەکان – کە تەنها لەبەر ئەوەی پێیان وابوو سەر بە پەنابەران، کۆچبەران، یان خێزانە غەیرە سپی پێستەکان بن، کرانە ئامانج –ئاگریان تێبەردرا. ئەمانە کردەوەی توندوتیژی گۆشەگیر نەبوون. کردەوەی ڕێکخراو و تۆقاندن و تیرۆر بوون. خێزانەکان ناچار بوون لە ژێر پاراستنی پۆلیسدا بە سووتاندنی ماڵەکانەوە هەڵبێن.
کۆمەڵگاکان تووشی زەبر و زەنگ بوون. منداڵان ئاوارە بوون. لەناو ئەو نائارامییەدا دوو ئەفسەری پۆلیس برینداربوون. لەو کاتەوە چەندین تاوانبار دەستگیرکراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تائیستا زیانەکان جەستەیی و دەروونی، قووڵن. شاری بێلفاست لە دۆخێکی گرژی و ترسدا مایەوە، لەکاتێکدا ڕووداوەکان بە خێرایی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەوە.
لە بەرامبەردا حکومەتی بەریتانیا لە سەردەمی کیر ستارمەر ڕایگەیاند کە ئەوانە بەرپرسیارن نوێنەرایەتی خەڵکی بەریتانیا ناکەن و نیگەرانی خۆیان بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان دەربڕی. لە کاتێکدا ئەم جۆرە وشانە پێویستن، بەڵام بەس نین. دۆخەکە هێشتا ناجێگیرە و ڕێکخراوەکان بەردەوامن لە وەڵامدانەوە. گرنگ ئەوەیە کە زۆرێک لە دانیشتوانی شاری بێلفاست بە ئاشکرا هاوسۆزییان لەگەڵ کۆچبەران و پەنابەران وەستاوە و پەرلەمان ڕایگەیاندووە کە دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن.
بەڵام دەبێت ڕووبەڕووی پرسیارێکی قووڵتر و بەپەلەتر ببینەوە: چی ڕێگەی داوە ئەم کەشوهەوای ڕق و کینە و توندوتیژییە سەرهەڵبدات؟
ئەم شەپۆلە لە دەستدرێژی ڕاستڕەوی توندڕەو لەخۆوە سەریهەڵنەداوە. بەهۆی ساڵانێك لە شکستی سیاسییەوە کارا بووە. حکومەتەکانی بەریتانیا و لە سەرانسەری ئەوروپا بەردەوام گێڕانەوەی ڕاستڕەوی توندڕەویان بە کەم سەیر کردووە و تەحەمولیان کردووە و لە هەندێک حاڵەتدا شەرعیەتیان پێداوە. ئەم شکستە هەلومەرجێکی دروست کردووە کە ڕەگەزپەرستی بەبێ کۆنتڕۆڵ گەشە بکات و توندوتیژی بوێرتر دەبێت.
ئەمڕۆ گوتاری ڕاستڕەوی توندڕەو لە پەراوێزدا قەتیس نەماوە. کەسایەتییەکی ناسراوی وەك نایجل فاراج بە ئاشکرا داکۆکی لە دەرکردنی پەنابەران و کۆچبەران دەکەن، ڕاستەوخۆ تەحەدای ئەو مافانە دەکەن کە لە مێژە لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤی بەریتانیادا پارێزراون. ئەم جۆرە هەڵوێستانە کە سەردەمانێك لە گوتاری سەرەکیدا بیریان لێ نەدەکرایەوە، ئێستا گەورەتر و ئاسایی دەکرێنەوە.
لە هەمان کاتدا بڕیاری سیاسی و کردەوەی دامەزراوەیی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەو هێزانەیان بەهێز کردووە. کاتێک حکومەتەکان شکست دەهێنن لە دژی ڕەگەزپەرستی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە، کاتێک دەنگدانەوەی گێڕانەوەی دژە کۆچبەران دەدەن، یان کاتێك شەرعیەت دارایی یان سیاسی بە قەرز دەدەن بەو کەسانەی کە پەرە بە دابەشبوون دەدەن، ئەوا بەشداری دەکەن لەو بارودۆخانەدا کە توندوتیژی لێدەکەوێتەوە. کەواتە بەرپرسیارێتی تەنها لە ئەستۆی ئەو کەسانەدا نییە کە هێرشەکانیان ئەنجامداوە، بەڵکو لە ئەستۆی ئەو پێکهاتانەشدایە کە ڕێگەیان داوە ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیانە گەشە بکەن. ئێمە بە ڕوونی دەڵێین:
–ئەوانەی ماڵەکانیان سووتاند و خێزانەکانیان تیرۆر کرد و توندوتیژیی ڕەگەزپەرستییان بڵاوکردەوە، دەبێت ڕووبەڕووی تەواوی هێزی یاسا ببنەوە.
–ئەو ڕێکخراوە فاشیستیانەی کە ڕق و کینە و توندوتیژی دژی کۆچبەران و پەنابەران هان دەدەن، دەبێ قەدەغە بکرێن.
–هەموو تاک و خێزانە زیانلێکەوتووەکان دەبێت قەرەبوو و پشتیوانی تەواو وەربگرن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانیان
بەڵام ئەمە تەنها بابەتی دامەزراوەکان نییە. بابەتێکە بۆ کۆمەڵگا بە گشتی.
ئێمە داوا لە خەڵک دەکەین لە سەرانسەری ئینگلتەرا و دەرەوەی وڵات کە پێکەوە بوەستن لە هاودەنگییەکی چالاك ڕێکبخەن، تۆڕی هاوکاری یەکتر دروست بکەن، و بەرگری لە دراوسێکانیان بکەن لە دژی ڕەگەزپەرستی و تۆقاندن. مێژووی دوور و درێژی پێکهاتە هەمەچەشنەکان کە شانبەشانی یەکتر دەژین، نابێت بە ترس و دابەشبوون لەناو بچێت.
–نابێت ڕێگە بدەین فاشیزم ڕەگ داکوتێت.
–نابێت ڕێگە بدەین ڕەگەزپەرستی ئاسایی بێتەوە
. نابێت ڕێگە بدەین توندوتیژی کۆمەڵگاکانمان پێناسە بکات.
لە کۆتاییدا، داوا لە سەندیکاکانی کرێکاری، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی ژنان، گروپە کۆچبەرەکان، و ڕێکخراوەکانی پەنابەران دەکەین کە لە بەرەیەکی هاوبەشدا یەکبگرن. تەنیا لە ڕێگەی کردەوەی بەکۆمەڵەوە دەتوانین بەرەنگاری هێزەکانی ڕق و کینە ببینەوە و کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای کەرامەت و یەکسانی و هاودەنگی بنیات بنێین. جێگای فاشیزم نییە. بوار بۆ ڕەگەزپەرستی نییە
. ڕێکخراوی ژنان و کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەراست-MEWSO –
–ڕێکخراوی مینبەری پەنابەران و کۆچبەرانی ئیزلینگتۆن-IRMF
ڕێکخراوی ژنانی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-KMEWO
–فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی-IFIR
ڕێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێرانی-IOIR
–فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی-FIR
١٦/٦/٢٠٢٦
لەناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنەوە: **نزیک بە پەنجا پەنابەر لە ئەڵمانیاوە بۆ عێراق دیپۆرت کرانەوە**
by usr_web171_1
written by usr_web171_1
هەولێر:٣/٦/٢٠٢٦:
دۆێنێ لە کاتژمێر ١١ی بەیانی، نزیک بە پەنجا پەنابەر لە فرۆکەخانەی هانۆڤەری ئەڵمانیاوە بە زۆرەمڵێ دیپۆرتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرانەوە. بە پێی زانیارییەکان، بەشێک لەوانە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانن.
باوکی یەکێک لە پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان، کە خەڵکی هەولێرە، بە ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی ڕاگەیاند وتی: «کوڕەکەم لە نێو ئەو پەنابەرانەدایە کە دیپۆرت کراونەتەوە. ماوەی حەوت ساڵ لە ئەڵمانیا ژیاوە، کاری کردووە و زمانی ئەو وڵاتەش فێر بووە. هەرگیز هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبووە.»
ئەوەشی ووت”رۆژی یەک شەمە ٣١مەی سەردانی کۆنسۆڵی گشتی ئەڵمانیام لەهەوليرکرد چەند بەڵگەی کورکەم ونامەی پشتیوانی فیدراسۆنم پێ بوو لەپرسگەکە هەرچی داواوتکام لیکردن کەسیێک ببینم وەیان ئەونامانەم لێ وەربگرن بەداخەوە داواکەمیان ڕەتکردەوە وئەوەشم پێووتن من پیشمەرگەبووم وچەندجار شەری داعشمکردوە کوری من تاوانی نەکردوە دەستگیرتانکردوەبەڵام گیویان لێنەگرتم”
هەروەها وتی: «ئەمرۆ کوڕەکەم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە بەغداوە پێی راگەیاندووم کە بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە لە هانۆڤەرەوە بە زۆرەمڵێ خراونەتە ناو فرۆکە. لە نێوماندا ژن و منداڵیش هەبوون. هیچ کێشەیەکی یاساییمان نەبوو، بەڵام تەنها داواکاری پەنابەریمان ڕەت کرابووەوە.»
شایەنی باسە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەکدا کە لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆی کردووە، دەیان پەنابەری بۆ عێراق گەڕاندووەتەوە. زۆربەی ئەو کەسانە ساڵانی زۆر لە ئەڵمانیا ژیاون و لە کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە تێکەڵ بوون.
ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن ئەوەی زانیوە کە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەسەرەتای دەستگیرکردنی ئەم پەنابەرانەوە لەسەرخەت بووە لەگەل چەند پەنابەرو کەسوکاریان لەکوردستان ، بەیانی رۆژنامەگەری دەرکرد روو بە حکومەتی ئەڵمانیا وناڕەزایەتی توندی دەربڕی دژ بەدەستگیرکردنی ئەو پەنابەرانەوە داوای دەستەبەجێ ئازادکردنیان وچاوخشانەوە بەکەیسەکانی ئەوپەنابەرانەیکرد. هەروەها فیدراسیۆن ئەم پرۆسەیە بە جێگای نیگەرانی دەزانن و ئاماژەیان بەوە کرد کە زۆرێک لە دیپۆرتکراوان دوای گەڕانەوە بۆ عێراق، بێ پشتگیری و هاوکاریی پێویست بەجێ دێڵدرێن. هاوکات فیدراسیۆن سەرباری ئیدانەکردنی ئەورێکەوتننامانەی لەگەل حکومەتی ئەڵمانیا واژووکراوە بەژیانی ئەو پەنابەرانەوە، ڕەخنەی توند لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرن کە تا ئێستا هیچ بەرپرسیارێتییەکی دیاریکراویان لە ئاست چارەنووس، ژیان و داهاتووی ئەو کەسانە هەڵنەگرتووە کە بە زۆرەمڵێ نێردراونەتەوە.
راگەیاندنی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاران
by usr_web171_1
written by usr_web171_1
جەنگی ئێوەمان ناویت ژیانمان دەوێت!
یهکی ئایار رۆژی یهکیهتی و هاوپشتی نێونهتهوهی چینی کرێکاره. ئایار، ههموو ساڵێك کرێکاران لهسهراسهری جیهان بانگهواز دهکات، کهبهدور لهناسنامه دروستکراوه ئاینی و نهتهوهیی و لۆکاڵیهکان، وهك چینێکی یهکگرتوویی هاوچارهنوس، بهرامبهر به نیزامی زاڵمانهی سهرمایهداری و بهربهریهتێك که حاکمانی ئهم نیزامه بهرهو ڕووی کۆمهڵگای بهشهریان کردۆتهوه ڕاوهستن.
ئهمساڵ جیهان لهدۆخێکدا سەختی سیاسی و ئابووری و نائارامیدا بهرەوپیری ئایار دەڕوات که هێزە ئیمپریالیزم و دەوڵەتانی بۆرژوازی ، کهوتونهته پێشبڕکێیەکی بێوێنە لەپێناو سەرلەنۆی دابهشکردنهوهی دنیا بهپێی بهرژهوهندیهکانی ئهم هێزو دهوڵهتانه و ناوچەکانی باڵادەستی و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی کەرەستە خاوەکان و بازاری کارو کاڵاو قازانجی زیاتر، لهدەورهیهکدا که کوشتاری بهکۆمهڵی مرۆڤەکان و ماڵوێرانی و ئاوارهیی، لهپاڵ سیاسهتی برسیکردن و پهلاماردانی سفرهی خاڵی خهڵکی کرێکارو زهحمهتکێش، بۆته سیاسهتێکی سهرهکی بهدهست چینی بۆرژوازی و هێز و دەوڵەتەکانیهوه. سەرمایەداری و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی، بەئاشکرا ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە ئەگەر دنیا بۆ ئەوان ناوچەیەکی سوودو قازانج و کەڵەکەی سەرمایەکانیان نەبێ، ئامادەن گۆی زەوی بە کاولکاری و وێرانکردن و لەناوبردن گیرۆدە بکەن. ئەوەی ئەوان دەیانەوێت هەر کۆمەڵگایەك بیانەوێت دەگێڕنەوە بۆ چاخی بەردین.
لەم پێناودا لە غەززەوە تا ئێران، لە ئۆکرانیا بۆ لوبنان، لە سودان تا یەمەن و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستۆتە بەردەم ئاڵوگوڕ و خەڵکی ئاسایی باجی ئەو ململانێیانە دەدەن کە هەڵیان نەبژاردووە. ماڵەکان وێران دەکرێن، خێزانەکان جیا دەکرێنەوە و تەواوی کۆمەڵگاکان لە ڕەگەوە هەڵدەکێشرێن، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی چەك و نوخبە سیاسییەکان قازانج دەکەن.. کۆمهڵگای مرۆڤایەتی نهك ههر بهرهو دواوه پاڵ پێوەدەنرێت، بهڵکو ژیانی ئێستا و ئایندەی نهوهکانی داهاتووی له بهردهم بهربهریهت و لێواری کارەسات و تیاچوون ڕاگرتوە!
رەوتی فاشیزم له ئهمریکا، سەرهەڵدانی ڕهوته راسیستی و ڕاستڕهوهکان له ئهوروپا، توندبوونهوهی فەزای دژی پەنابەری و کۆجبەران و سیاسەتی جیاکاری و هەڵاواردن، ئەمە لەپاڵ ترس و نائاساییش، نرخی خۆراك، وزە، سوتەمەنی، دەرمان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بەرزکردووە و مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران رووبەرووی هەڕەشە کراوەتەوە. بێکاری، برسێتی، سەختکردنی کار، هێرش بۆسەر رێکخراوە کرێکارییەکان و سنووردارکردنی مافی خۆپیشاندان، لە سەرانسەری ووڵاتەکان حکومەتەکان تریلیۆن دۆلار بۆ خۆپڕچەککردن و بەسەربازیکردنی کۆمەڵگا خەرج دەکەن و لە هەمان کاتدا خۆپارێزی بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنن کە کارەکانیان کۆمەڵگا دەپارێزێت. ئابووریی جەنگ لە هەڵکشاندایە و کرێکارانیش باجەکەی دەدەن، خەرجییە سەربازییە جیهانییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە، لە کاتێکدا پارێزگارییە کۆمەڵایەتییەکان بچووك دەبنەوە و ئیستغلالکردن چڕتر دەبێتەوە، ئەم هەڵبژاردنانە ڕووداو نین بڕیاری سیاسین کە قازانج دەخەنە پێش مرۆڤایەتیەوە!
جینۆسایدی بەردەوامی خەڵکی فەلەستین و بەرفراوانبوونی ململانێکان بەرانبەر بەئێران و لوبنان کە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، لۆژیکی دڕندەی سیستەمێك ئاشکرا دەکات کە مرۆڤایەتی خەریکە باجەکەی دەدات، بەڵام ڕۆژی ئایار ڕاستییەکی بەهێزتر لە هەموو سوپایەکمان بیردەخاتەوە کە دەسەڵاتی کرێکاران جیهانییە، بەکۆمەڵ و پێکەوە ڕێگری لێناکرێت.
یهکی ئایار رۆژی یهکیهتی و هاوپشتی و هاوخەباتیە، رۆژی وەستانەوەیە بەدژی ستهم و ژێردهستهیی، بە دژی جیاکاری و چهوسانهوه، جهنگ و کوشتارو کاولکاری، دژی ههژاری و بێکاری و برسێتی. رۆژی کۆکردنهوهی هێز و تواناکانمانە لهپێناو ههڵپێچانی سیستەمی نا یەکسان و چەوسێنەرانەی سەرمایەداری و بەدیهێنانی دنیایەکی ئازادو یهکسان و خۆشگوزهران، کەوایە با ئایاری ئەمساڵ بکەین بە سەرەتای دەستپێکردنی بزوتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری لەدژی ئەم بارودۆخە کارەساتبارەی جەنگ و ملیتاریزم کە دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری بۆیان دروست کردوین.
پەنابەران وەك بەشێکی چینی کرێکار باجی قورسی ئەم جەنگانە دەدەن، لە ئاوارەیی، بێکاری، بێمافی، نائاساییش و هەڕەشەی راسیزم و فاشیزم، ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەپاڵ بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست و شارستانی جیهان رادەوستین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. جەنگ، بە هۆکاری ئاوارەی دەربەدەری ماڵوێرانی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆمب و مووشەك لەسەر دەروونناسی منداڵەکانمان، دەزانیین و دەبێ ڕابگیرێن. ئێمە دەڵێین: نا بۆ جەنگ، نا بۆ تاوانی سەرمایەداری، نا بۆ ئاوارەکردنی خەڵك، پێویستە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش بە یەکگرتوو بەرگری لە ژیان و مافەکانی خۆیان بکەن و جیهان لە چنگی جەنگخوازانی سەرمایەداری رزگار بکەن.
بژی یەکی ئایار رۆژی جیهانی چینی کریکار!
نا بۆجەنگ و ملیتاریزم نا بۆ ئاوارەیی!
٢٩/٠٤/٢٠٢٦
بانگەواز بۆ دادپەروەری: کۆتایی هێنان بە جیاکاری لە چاودێری پزیشکی و مافی ژیان
by usr_web171_1
written by usr_web171_1
غەزال مەولان، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵ و ئەندامی ڕێکخراوی کوردی ئێران، ڕۆژی ١٤ی نیسانی ڕابردوو بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە کەمپی ئاوارەکانی سوورداش لە هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، بریندار بوو. سەرەڕای پێویستی ڕاستەوخۆی بە چارەسەری پزیشکیی، گوازرایەوە بۆ چەند نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی، بەڵام بەهۆی ناسنامەی سیاسی و بەپێی یاسا و سیاسەتە باوەکان، لە چاودێری پزیشکی بێبەشکرا. نەخۆشخانەی بەخشین کە سەر بە گرووپێکی ئیسلامییە و هەموو ئامرازێکی چارەسەریان هەیە، بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە بە هۆکاری سیاسی و بە هۆی نەبوونی مۆڵەت لە پۆلیسی خۆجێیی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها یاساکانی قەدەغەکردنی وەرگرتنی هاووڵاتیانی ئێرانی یان ئەندامانی پێشمەرگە، ئامادە نەبوون هیچ هاوکارییەکی بکەن.
ئێمە وەك ڕێکخراوەکانی ژنان و هەڵسوراوانی مافی مرۆڤ، ئەم کارەساتە شۆکهێنەرە بە توندی ئیدانە دەکەین. ناڕەزایەتی خۆمان لەبەرامبەرحکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین بەهۆی سەپاندنی سیاسەتی نامرۆڤانە و تاوانکاری، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی جێبەجێ دەکرێن، بە پشتبەستن بە ناسنامەی سیاسی، میللی، یان وابەستەیی تاکەکان چاودێری پزیشکی ڕەتدەکەنەوە. ئەم جۆرە سیاسەتانە نەخۆشخانە و کارمەندانی پزیشکی ناچار دەکەن نەك وەک دامەزراوەی ڕزگارکەری ژیان، بەڵکو وەك ئامرازی ئەجێندا سیاسییە کوشندەکان مامەڵە بکەن.
هەروەها داوای لێپرسینەوە و ڕێکاری یاسایی دەکەین بەرامبەر بە بەرپرسانی نەخۆشخانەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە نەخۆشخانەی بەخشینن، کە بە ڕەتکردنەوەی چارەسەری ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە مردنەکەیدا کردووە.
ئەوان بەرپرسیارن لەم تاوانە. ئەوان ئەرکیان ئەوە بوو چارەسەری ئەم نەخۆشە بکەن بەڵام نەیانکرد.
لە کۆتاییدا داوا لە هەموو ئازادیخوازان و هەڵسوراوانی مافی ژنان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و کەسانی خاوەن ویژدان دەکەین لە هەر سۆێنێك کە هەن . بەشداری ئەم کەمپەینە بکەن. ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕن. بنووسە، قسە بکە و توڕەیی خۆت دەرببڕە. پێویستە دەستبەجێ ئەم یاسا تاوانکارییە هەڵبوەشێتەوە. نەخۆشخانەکان پابەندن بە دابینکردنی چاودێری بۆ هەموو نەخۆشەکان، بەبێ گوێدانە ناسنامەی سیاسی یان نەتەوە.
بەکارهێنانی ژیانی مرۆڤ وەک ئامرازی موزایەدەی سیاسی،هەرگیز قابیلی قبوڵکردن و بەرگریکردن نیە لە ژێر هیچ هەل و مەرجێکدا.
تکایه ناوی خوتان و ریکخراوه که تان زیاد بکه:
-
هەڵاڵە تاهیری، دامەزرێنەری ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEWSO)
-
بەهار مونزیر ئەندامی دەستەی بۆردی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان(IWO)
-
دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی(IFIR)
-
سەوسەن سەلیم بەریوەبەری ریکخراوی ژنانی کوردو رۆژهەلاتی ناوەراست)KMEWO
-
سەعید ئارمان، سکرتێری یەکێتی نێودەوڵەتی پەنابەرانى ئێران (BIMARZ) – بەریتانیا
-
عەبدولکەریم عەبدالسادە عمران (ئەبو وەتەن)، سەرۆکی یەکێتی گشتی سندیکاکانی کرێکارانی عێراق و سەرۆکی یەکێتی گشتی وزە – عێراق
-
ڕێکخراوی دابین بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ – کوردستانی عێراق
-
تۆڕی ٨ی ئادار – (پێکهاتوو لە ٣٠ ڕێکخراو، ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی، دامەزراوە لە ٢٠٢٢ بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و تێکۆشان بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە کوردستان)
-
هاوپەیمانی ئازادیی کرێکاران (Alliance for Workers Liberty) – بەریتانیا
-
ئازار مەجیدی، وتەبێژی ڕێکخراوی ئازادیی ژنان (WLO) – ئێران
-
لیزا ماری، هاودامەزرێنەر و سەرۆکی بەڕێوەبردن، FILIA – بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان
-
پراگنا پاتێل، هاوبەڕێوەبەر، پڕۆژەی ڕێزست (Project Resist) – بەریتانیا
-
مرسدە غەیدی، ئەندامی ئەنجومەنی “نا بە ئێعدام لە ئێران”
-
سلێمان قاسمیانی، سەرۆک – هونەری چینە کارگەر و خوێندن و نووسین / گۆڤاری هانا – سوێد
-
بزوتنەوە بۆ دادپەروەری بە هەر شێوەیەک (Movement for Justice By Means Necessary) – بەریتانیا
-
مەریەم نمازی، وتەبێژی “یاسایەک بۆ هەمووان” – بەریتانیا
-
ڕێبوار عارف، ڕیکخەری کۆنگرەی ئازادی و گۆڕان – کوردستان/عێراق
-
ڤیکی مۆریس، چالاکوانی سندیکای UNISON (بە شێوەی کەسی)
-
ئازادی بۆ پەرەپێدانی بەردەوام لە کوردستان – کوردستان/عێراق
-
هەلالە ڕافع، کۆمیتەی نێودەوڵەتی مافەکانی ژنان و پەناگەی ژنان نینا – سوێد
-
دادخوازانی دادپەروەری کوردستان – کوردستانی عێراق
-
سارا محەمەد، سەرۆکی “Never Forget Pela & Fadima” – سوێد
-
محەمەد عەلووش، سکرتێری گشتی یەکێتی تێکۆشانی کرێکارانی فەلەستین – فەلەستین
-
دیانا نامی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی ژنانی کورد و ئێرانی (IKWRO)
-
کارن جۆنسن، چالاکوانی ژن، دژ بە کەمپەینی دژ بە کۆچبەران و ئەندامی سندیکای ‘PCS’ و ‘No Sweat’
-
ئەنجومەنی برینداران و دادخوازانی ڕاپەڕینی ژینا
-
ڕێکخراوی دەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کوردستان/ئێران
-
دامەزراوەی دەنگی یەکگرتوو – ئێران
-
صمد الماسی, هاوپشتی لەگەڵ تێکۆشانی خەڵکی ئێران – لەندەن/بەریتانیا
-
ڕێکخراوی یەکگرتووی ژن – ژیان – ئازادی – ئێران
-
ڕێکخراوی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ – ئێران
-
عەزیزە لوتفی، ئەندامی ئەنجومەنی یەکێتی ژنانی کوردستان – کوردستان/ئێران
-
ئابی ئاسەدی، سکرتێری یەکێتی نێودەوڵەتی پەنابەرانى ئێران – سوێد
-
سەھرا بەهار، ئەندامی “داد بۆ زیندانیان لە ئێران، دژ بە ئێعدام” – ئێران
-
پڕۆژەی ژنانی کورد – لەندەن (KWP)
-
زارا تکین, تۆڕی کۆمەڵگای ئێرانی (ئۆکسفۆرد) – بەریتانیای گەورە
-
صدیقه محەمەدی، یەکێتی خەبات بۆ ئازادی ژنانی ئێران – سوید
پاراستنی ژنان پاراستنی کۆمەڵگایە! بەرزوبەڕێز بێت ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان
by usr_web171_1
written by usr_web171_1
رۆژی ٨ی مارس رۆژی هاتنەمەیدانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی ژنانە بەدژی زوڵم و ستمەکێشی و چەوساندنەوەو بێمافیەکانی ژنان لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان لەهەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و یاسایی و کلتوریدا. رۆژێکە بۆ ڕاوەستانەوە بەڕووی سونەت و ئەفکارونەریتی و کلتوری دەسەڵاتی سەرمایە کە بۆپاراستن و ڕاگرتنی پایەکانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرو جیاکارو نایەکسانیە، ژنانی لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی خوارترو پلەدوودا ڕاگرتووە. هەربۆیە خەبات بۆ کۆتایهێنان بە نایەکسانی کۆمەڵایەتی نێوان ژنان و پیاوان بەندە بەهەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەرمایەداری کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاندوە.
رۆژی جیهانی ژنان ئەمڕۆ لەهەڵومەرجێکدا بەرێوە دەچێت کە ژنان و مناڵانی کچ لە هێڵی پێشەوەی قوربانیەکانی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداریدان، کە فاشیزمی نەتەوەیی و دینی و راسیزم سەرکردایەتی دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. ژنان سەرباری توندتیژی خێزانی و کۆمەلایەتی، کرێیەکی کەم لەچاو پیاوان وەردەگرن و لە شۆێنی کاردا رووبەرووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە . ئەمە جگە لەو واقعیەتە تاڵانەیە کە رووبەرووی کرێکاران بەگشتی و ژنانی کرێکاری بیانی دەبنەوە. جەنگەکان و نائارامی و ململانێ سیاسی و سەربازیەکان ، ژیانی لە ژنان و منالان سەندووە. فایلە ناخ هەژێنەکانی جیفری ئەپستین نمونەیەکی قێزەونی سەرمایەدارو سەرۆك و بەرپرسە بالاکان و مونۆپۆلەکانی بازاری ئازادن کە لەپیناو بەرژەوەندی هاوبەشیان چاوپۆشی لە دەستدریژی و بازرگانی بەژنان و منالانی کچەوە دەکەن. لە فەلەستین تا ئەفغانستان، لە ئیران تا سودان و یەمەن وعیراق وسوریا.. ژنان بەشێوەیەکی سیستەماتێك دەچەوسینرێنەوە، دەکوژرێن و رووبەرووی توندوتیژی و نایەکسانی و بێمافی جیاکاری و کۆنەپەرستی دەبنەوە. کەیسی ئەپستن و کوشتنی ژنان لە کوردستان وعیراق، هەردووکیان نیشانەی سیستەمێکی جیهانییە کە ژنان باجەکەی ئەدا، هەربۆیە دەستبردن بۆ خەباتێکی سەراسەری و جیهانی بۆ هەڵگیڕانەوەی ئەم سیستەمە کە ژیان لەسایەیدا بۆ ژنان و مرۆڤایەتی بۆتە نەنگیەکی گەورە بەنێو چاوانی کۆمەڵگەی بەشەریەوە، بووەتە مەسەلەیەکی چارەهەڵنەگر!
لەعێراق وهەرێمی کوردستان، دۆخی ژنان ئەلگۆیەکی ناشرینی دەسەلاتی کۆنەپەرستی و قەومی و ئیسلامی سیاسیە. مافە فەردی و مەدەنیەکان ومافەکانی ژنان نەك هەر نیە، بەڵکو هەزاران ژن لەژێر پاساوی شەرف و ناموسیدا کوژراون. بەشودانی کچانی مناڵی ٩ساڵ لەژێر” ناوی مدەوەنەی جەعفەریدا “بەیاسایی کراوە. بەدەیان ژن ناچار بەخۆسوتاندن کراوە، بەپێ ئاماری ریکخراوەکانی ژنان لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ژناندا تەنها ساڵی پار ٥٣ ژن لەکوردستاندا کوژراوە. شەپۆلی شکاندن و تیرۆری فیکری، ناوزڕاندن و سوکایەتیپێکردن کە رووبەڕووی کەسایەتیی هەلسوراوانی ژن و رێکخراوەکانی ژنان، کارەکتەرانی ژن لە بوارەکانی سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کاری رێکخراوەیی دەکرێنە ئامانج، روو لە هەڵکشانە. دەسەلاتدارانی عێراق وکوردستان نەك باکیان بەو تراژیدیانە نیە کە دەرهەق بەژنان دەکرێت، بەڵکو خۆیان لە پشت دەرکردنی ئەو یاساو ریسا و هیشتنەوەی فەرهەنگی دواکەتووی پیاوسالاری و دەستئاوەلاکردنی پیاوانی ئاینی و بانگخوازانەوەن کە برەو بە ئیهانەت و سوکایەتیکردن و توندوتیژی بەرامبەر بەژنان دەدات وهێرش بۆ سەر جەستەی ژنان دەکات بە ماددەیەکی یاسایی.
لەگەڵ ئەوهەڵومەرجە ناخهەژێنەی ژنان و ستەم و بیمافی و ماهیەتی سەرکوتگەرانەو دواکەوتوانەی دەسەلاتدارندا لە عێراق و کوردستان، بەلام هێشتا ژنانی کرێکار و بەشمەینەت و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و رێکخراوەکانی ژنان، ملیان نەداوە و روویەکی تری راستی کۆمەڵگەی کوردستان بەرجەستە دەکەن کە سیماو نەریتە ئازادیخواز و ئینسانیەکانی ژنان، واقعیەتی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگەی کوردستانە و لە ئاستی کۆمەلایەتیدا راوەستاوی ژنان و ملنەدانیان بە زۆری دەسەڵات و یاساو ریسا کۆنەپەرستەکان، بۆتە مایەی نیگەرانی دەسەلات و بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی کە هەمیشە لەپیناو دورخستنەوەی مەترسیەکان لەسەر ژیانی ژنان و دژ بە توندو تیژی وکوشتنی ناموسی، هەموو ئەو هۆکارە فەرهەنگی وسیاسی و یاسایانەی ئەم دیاردەیە پەرەپێیدەدات ڕاوەستاوە و خەبات دەکات شان بەشانی هەڵسوراوانی ژنان و ئازادیخوازان بۆ چەسپاندنی تەواوی مافەکانی ژنان تەماشاکردنیان وەك هاولاتی یەکسان لەئاستی کۆمەڵگادا.
فیدراسیۆنی سهراسەری پهنابهرانی عێراقی له ٨ی مارسی ئهمساڵدا بۆ گۆرێنی ئهو ههڵومهرجهی ژنان له عێراق و کوردستاندا ژیانی تێدا بهسهردهبهن کە ئاسەوارێکی نەرێنی بۆ سەر دۆخی ژنانی پەنابەریش لەدەرەوە دروستکردوە، سهرباری پشتیوانی تەواوی لە هەوڵ و چالاکیەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان و تۆری ٨ی مارس لە کوردستان، بانگهوازی ڕێکخراوەکانی ژنان و هەڵسوراوانی ژنان و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکات لە جیهان کە بهههر رێگایهك پێان دهکرێت پاڵپشت و پشتیوانی بکهن له هەڵوەشاندنەوەی یاسای جەعفەری پەرلەمانی عێراق و بەرپرسکردنی دەسەلاتداران لەعێراق و کوردستان بەرامبەر بە بێمافی و توندتیژی و کوشتنی ژنان و زامنبوونی یاسایەکی مودرین و مرۆڤ دۆستانە ویەکسانی بۆ هێنانهدی مافهکانی ژنان پێچەوانه بکهنهوه و پشتیوانی لهم داواکاریانه بکهن.
١-هەڵوەشاندنەوەی یاسای جەعفەری پەرلەمانی عێراق کە بەشودانی کچانی مناڵی ٩ساڵ یاسایی دەکات.
٢-هەڵوەشاندنەوەی یاسایی فرهژنی لە پهرلهمانی کوردستان .
٣-هاندان بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان قەدەغە بکرێت و ئەو مهلاو وبانگخوازانەی بهم کاره ههڵدهستن سزای یاسایی بدرین.
٤- کوشتنی ژنان تاوانی گهورهیهوه پێویسته بکوژانی ژنان هیچ یاسایهکی لێبوردن نهیانگرێتهوه بکوژان سزای خۆیان وهربگرن.
٥-یاسایەکی مۆدرینو مرۆڤدۆستانە کە یهکسانی ههمهلایهنی ژنان و پیاوان مسۆگەر بکات جێگای یاسای جەعفەری پەرلەمانی عێراق بگرێتهوه.
بەرگری لە ژنان و مافەکانیان بەرگریە لە پاراستنی کۆمەڵگا
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢/٣/٢٠٢٦
Newer Posts
