Author
usr_web171_1
ئێمە دەتوانین لە لوتکەی بزوتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانەی گەورەدا
دژ بە شەڕو میلیتاریزم و تاوانکاری و ڕەگەزپەرستیڕاوەستین و پێکەو ژیانێکی ئارام و ئاسودە مسۆگەر بکەین.
٢٠ی حوزەیزان ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە که له لایەن ڕێکخراوی نه ته وه یه کگرتووه کانەوە لەساڵی ١٩٥١ەوە به فه رمی دانی پێدانراوە ، بەلام هەر ئەو دەوڵەتانەی لەریزبەندی ئیمزاکەرانی ئەم بەڵیننامەیەدا بوون نەك هەر رۆژبەرۆژ پاشەکشە لە بەندەکانی ئەم بەلیننامەیە دەکەن، بەڵکو بەکردەوە یاساکانی پەنابەرییان بەجۆرێك گۆڕیوە کە سەرتاپا ناکۆکە لەگەڵ ناوەرۆك وبنەماکانی ئەو بڕیارنامەیە.
نوقومکردنی بەلەمی پەنابەران لەلایەن هێزی پاسەوانی دەریایی هەندێ ووڵاتەوە، کۆنترۆڵکردن و تەلبەندکردنی سنورەکان و دورگەکان، سیاسەتی هێشتنەوە لە کەمپ و زیندانیکردنی پەنابەران لە گرتووخانەدەستبەسەرەکان وڕاگرتنیان لە ژێر خێمەو خانوە پلاستیەکیەکان، دەرکردنی یاسای گواستنەوەی پەنابەران بۆ دورگە دورەدەستەکان، لێسەندنەوەی مافی کارو بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان، دوورخستنەوەیان لە سەنتەری شارەکان و جێگیرکردنیان لە شوێنە سەربازی و لە نێو کەشتیەکان و ته نانه ت وەك تاوانبار مامه ڵه کردنیان، ڕێکەوتننامە لەگەل ئەو حکومەتە سەرکوتگەرانەی پەنابەران لەدەستیان هەڵدین تا بەزۆرەملی دیپۆرتیان بکەنەوە، تا دەگاتە پەرەدان بە ڕەگەزپەرستی و جیاکاری و سوکایەتیکردن بە پەنابەران و ناوزەدکردنیان وەکو سەرچاوەی هەرچی کاری خراپە لەو ووڵاتانەدا ئەنجام دەدرێن و تاد… ئەمانە هەموو سنورەکانی دوو ڕوویی و تاوانکارییان تێپەڕاندووە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەژێر سایەی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بە دڕندانەترین شێوە دەستی بۆدەبەن.. ئەمڕۆ تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا نیودەوڵەتیەکانی هیچ شەرعیەتێکیان نەماوە کاتیك کە قازانج و بەرژەوەندیەکانی دەولەتانی بەشدار دەکەوێتە مەترسیەوە.
ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی پەنابەران لە دۆخێکدا بەرپادەکرێت کە بە پێش چاوی جیهانەوە شەڕو کۆمەڵکوژی و کاولکاری و ئاوارەیی و دەربەدەری و بێخانەولانەیی ژیانی سەدان ملیۆن لە ئینسانی کۆمەلگای بەشەری ڕووبەڕووی کارەسات کردۆتەوە. ڕاسیزم،فاشیزم، نەتەوەپەرستی و سەرکوتی سیاسی بووەتە سیمای دەوڵەت و بزوتنەوە بۆرژواییەکان لەسەراسەری دونیادا. بەهۆی کێشمەکێش و شەڕی دەوڵەت و هێزە بۆرژوازیەکانەوە، دەیان ملیۆن ئینسان ناچارکراون کە ماڵوحاڵیان بەجێ بهێڵن و لەناو خۆی ووڵاتەکانی خۆیاندا ژیانی ئاوارەیی بەسەر بەرن یاخود سەری خۆیان هەڵگرن بەرەو ووڵاتانی رۆژئاوا بەمەبەستی دەست ڕاگەیشتن بەئارامی و ئاسایش و ژیانێکی شایستەی مرۆڤ.
بۆرژوازی رۆژئاوا و دەوڵەتەکانیان کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن، نەك هەر بەشێکن لە خوڵقێنەرانی ئەو دۆخە نائارام و کاولکارییەی کە ڕووبەڕووی بەشێکی خەڵکی دونیا بۆەتەوە،ئەم دۆخەی کە بوەتە هۆی ئاوارەیی و ناچاربوون بە هەڵبژاردنی ژیانی پەنابەری لەلایەن خەڵکی ناوچە جەنگ زەدەکانەوە، بەڵکو لەناوخۆی وولاتەکانیشیاندا هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەو قەیرانە ئابووریەی ڕووبەڕووی سیستەمەکەیان بۆتەوە و خەریکن قورساییەکەی بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا بشکێننەوە، لە هەژاری و بێکاری و برسێتی و گرانی و نەهێشتنی خزمەتگوزاریە گشتی و کۆمەڵایەتیەکان، بە پاساوی فشاری پەنابەران پینە بکەن، تا بەوجۆرە جەماوەری بێبەشی ووڵاتەکانی خۆیان چەواشە بکەن و لەجیاتی ئەوەی ڕووی ناڕەزایەتیەکانیان بکەنە بۆرژوازی و دەسەڵاتەکان، دژایەتی و نەفرەت لە پەنابەران وەکو سەرچاوەی ئەو نەهامەتیانە لەناو خەڵکی بێبەشدا پەرە و ڕەواجن پێبدەن،بۆرژوازی رۆژئاوا بە هوشیاریەوە پەرە بە ڕاسیزم و رەگەزپەرستی و دژە پەنابەری دەدات.
بەمجۆرە ئەو خەڵکەی کە قوربانی چەندین ساڵەی شەڕو خوێنڕشتن و میلیتاریزم وسەرکوتی دەوڵەتانی بۆرژوازین، کە لەسەروو هەموویانەوە دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپاو روسیا وەستاون، لەلایەن هەمان ئەو دەوڵەتانەوە وەکو سەرچاوەی بێکاری و تاوان و نائارامکردنی کۆمەڵگاکان ناوزەد دەکرێن.
هەربۆیە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوە و هەلبژاردنی شۆێنی نیشتەجێبوون و ژیانکردن و بەهرەمەندبوون لە بارودۆخێکی ئارام بۆ هەر ئینسانێك کە لەدەست سەرکوت و شەڕو و برسێتی هەڵهاتووە، بووە بە خەباتێکى ڕەوا و هەقخوازانە و ئەرکی سەرشانی هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستە لەسەراسەری جیهان کە بەرگری لێبکات.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا ڕایدەگەیەنیت کە لەبەرەی خەڵکی موتەمەدین و ئازادیخوازی جیهان ڕاوەستاوە بۆ کۆتایهینان بە شەڕو ملیتاریزم وکۆمەڵکوژی و سەرکوت و تاوانکاری و کارەساتە مرۆییەکان، بەدژی جیاکاری و ئینسانکوژی، بۆ برایەتی وئینسانیەت، پێکەوە ژیان و هاوپشتی مرۆیی، بەدەر لەجیاوازی جوگرافی، ڕەگەزی وئاینی..هاوکات لە ڕیزی پێشەوەی هەموو ئەو هەوڵانەوە جێگا دەگرێ کە مافی نیشتەجێبوون وەکو مافێکی ئاسایی و سەرەتایی مرۆڤ دەناسێنێت و بۆ بەرگری لە مافی پەنابەری هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لەدەست ستەم و زوڵم و شەڕ و نائارامی بۆ ژیانێکی ئارام و شایستە ماڵوحاڵی خۆیان جێدەهێڵن، لێبڕاوانە تێدەکۆشێت.
نا بۆ شەر
نا بۆ دیپۆرتی پەنابەران
نا بۆ راسیزم وکۆنەپەرستی
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
١٨حوزەیرانی ٢٠٢٤
لەساڵیادی نقومبوونی کەشتی ئادریانا کە زیاتر لە ٦٠٠ پەنابەری تیا خنکا لەبەردەم باڵۆێزخانەی یۆنان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ڕێکخرا
by usr_web171_1
written by usr_web171_1
دۆێنێ هەینی ١٤حوزەیرانی ٢٠٢٤ لەسەر بانگەوازی ڕێکخراوی لیبوردنی نیو دەوڵەتی- ئەمنستی ئەنتەرناشنال لەساڵیادی نقومکردنی کەشتی ئادریانا لەکەنار ئاوەکانی پایلۆس لەیۆنان کە ٦٠٠ پەنابەری تیا خنکا لەبەردەم باڵۆیزخانەی یۆنان لەشاری لەندەن خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی ڕێکخرا.
ئەم خۆپیشاندانە نارەزایەتیە لە لایەن فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی و رێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئیرانی ورێکخراوی دژی راسیزم وەچەند ڕێکخراوی بەرگریکار لەمافەکانی پەنابەران پشتیوانی کرا.
شایەنی باسە ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیە لەسەراسەری وڵاتانی ئەوروپاو وە شاری ئەسیناش کە ریکخراوی لیبوردنی نیو دەوڵەتی بانگەوازی بۆ کردبوو، بەڕیوەچوو .بەدوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نیو دەولەتی لەسەر ئەم رووداوە نامرۆڤانەیە دەریخست کە پاسەوانی کەنارئاوەکانی یۆنان بەشداربوون لە نوقمبوونی بەلەمەکە و لەدەستدانی ژیانی ٦٠٠ پەنابەر کە ژمارەیەکیان مناڵ بوون .رێکخراوی ناوبراو ئەم هەنگاوەی بە سیاسەتەکانی ڕێگریکردن لە ڕێگەی تیرۆرکردنی پەنابەران، کە لەلایەن حکومەتەکانەوە بەکاردەهێنرێن وە سیاسەتی ڕواندا و هەروەها پاڵنانی توندوتیژانە لە دەریای ناوەڕاستدا، بە دڕندە و بەربەری و نامرۆڤانە وەسفکرد.
لەم خۆپیشاندانە نارەزایەتیەدا ئۆرایک شمێک بەرپرس لەبەشی سەنتەری ئەوروپایی ریکخراوی لیبوردنی نیو دەوڵەتیو دەشتی جەمال سکرتیری فیدراسۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی وە نۆێنەری چەندگروپو ریکخراوی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران ووتەیان پێشکەشکرد وخۆپیشاندەران دروشمی داواکاری ڕێگای سەلامەت و یاسایی بۆ هەموو پەنابەران ، بەخێربێن پەنابەران، مافی پەنابەری مافی ئینسانە بەرز ڕاگرت.

داوای ڕێگای سەلامەت و یاسایی بۆ هەموو پەنابەران دەکەین
خۆپیشاندان لەبەردەم باڵۆێزخانەی یۆنان لەلە ندەن
رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤
کاتژمێر:٦ی ئیوارە
شۆین:لەندەن :1A Holland park
London W11 3TP
لە ١٤ی حوزەیرانی 2023، کەشتیی “ئادریانا” کە بەزیاتر لە ٧٥٠ پەنابەر مەزەندەکرێت لە کەنارئاوەکانی پایلۆس لە یۆنان نوقم بوو. زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە نێویاندا منداڵێکی زۆر خنکان. لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی لێبوردن ئاماژە بە کردەوەکانی پاسەوانی کەنارئاوەکانی یۆنان دەکەن کە بەشداربوون لە نوقمبوونی بەلەمەکە و لەدەستدانی ژیانیان. سیاسەتەکانی ڕێگریکردن لە ڕێگەی تیرۆرکردنی پەنابەران، کە لەلایەن حکومەتەکانمانەوە بەکاردەهێنرێن سیاسەتی ڕواندا و هەروەها پاڵنانی توندوتیژانە لە دەریای ناوەڕاستدا دڕندە و بەربەری و نامرۆڤانەن. ئێمە داوای ڕێگای سەلامەت و یاسایی بۆ هەموو پەنابەران دەکەین.
ئەم خۆپیشاندانە نارەزایەتییە لە لایەن ڕێکخراوی لیبوردنی نیو دەولەتی وcare for Calais راگەیەنراوە.فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی وڕێکخراوی سەراسەری پەنابەری ئیرانی پشتیوانی لەم نارەزایتیەدەکات بانگەوازی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران وئازادیخوازن دەکەین لەگەڵمان لەم خۆپیشاندانە نارەزایەتیە بەشداری بکەن.
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە ژمارە تەلەفونی:٠٧٧٢٠٢٩١٥١٦ وەژمارەی ٠٧٨٧٧٤٨٩٦٢٦
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا وەلامی نامەیەکی نارەزایەتی فیدراسیۆن وڕێکخراوەکان دەداتەوە
by usr_web171_1
written by usr_web171_1
لەناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنەوە:
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا وەلامی نامەیەکی نارەزایەتی فیدراسیۆن وڕێکخراوەکان دەداتەوە
سەبارەت بەناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا
لەنامەیەکی نارەزایەتی هاوبەشی فیدراسیۆن وچەند ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران لە ١٦ئایاری ٢٠٢٤ لە خۆپیشاندانێکی نارەزایەتی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاراستەیانکرا دژ بە پلانی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا .کە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمرۆ بۆ نارەزایەتی دەربرین بەرامبەر بە پلانی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا خۆپیشاندان دەکەین وجێگای قبوڵ نییە کە حکومەتی بەریتانیا ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی ڕواندا کردبێت و یاری بە ژیانی ئەو پەنابەرانە بکات…”
هاوکات لەنامەکەدا هاتووە” ئێمە داواتان لێدەکەین ڕێز لە مافی هەموو پەنابەران بگرن، و یاری بە داهاتوویان نەکەن لە کاتێکدا کە زۆرێك لە پەنابەران لە وڵاتانێک هەڵدێن کە بەدەست شەڕ و توندوتیژییان دەناڵێنێت، بەریتانیا نابێت ژیانی ئەو کەسانە بخاتە مەترسییەوە…”
هەروەها داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکات کە” پلانی ڕواندا ڕابگرن. ● ڕێکەوتنەکەتان لەگەڵ حکومەتی ڕواندا ڕابگرن. ● ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم پەنابەران لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن. ● مافی مانەوە لە بەریتانیا بدرێت بە هەموو پەنابەران.”
لە وەلامی نامەکەی فیدراسیۆن ورێکخراوەکاندا، وەزارەتی ناوخۆ هاتووە” جموجۆڵی زۆری کۆچبەری نایاسایی، کە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە ڕێکدەخرێت، دەبێتە بارێکی گران بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی پەنابەرییەوە! هاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابووری بەریتانیا MEDP لەگەڵ ڕواندا ئامڕازێکە لە پلانێکی گەورەترو فراوانتری حکومەت بۆ وەستاندن و پەکخستنی ئەو بازرگانیە خەراپ و پیسە، کە قاچاخچیەکان دەکاتە ئامانج و ئەو شێوە بازرگانیەیان تێک دەشکێنێ لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە هاوکاری نێودەوڵەتی و شێوازو تاکتیکی تازەو تێکدەرانە…”
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەدەکات بە” شکەستهێنان لەو هەنگاوەماندا تێچووی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت- بە پێی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی یاسای کۆچی نائاسایی، تێچووی شوێن و حەوانەوەی داواکارانی پەنابەریی هەتا ساڵی ٢٠٢٦دەگاتە ١١ ملیار پاوەندی بەریتانی لەساڵێکدا. بۆیە ئەوەیان تەنها بەلابردن و نەهێشتنی نیشتەجێبوونی کۆچبەرانی نایاسایی لە بەریتانیادا دەهێنرێتە دی. ئایا ئێمە دەتوانین سنوورەکانمان کۆنترۆڵ بکەین و ژیانی خەڵک لە دەریادا ڕزگار بکەین؟…”
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەش دەڵێت” سەرنجی حکومەت ئێستا لەسەر هێنانە بواری جێبەجێکردنی ئەو ئیتیفاقیەیە یان جێبەجێکردنی هاوبەشیی لەگەڵ ڕواندایە بۆ ئەوەی بتوانین گەشتە ئاسمانیەکان دەست پێبکەین. بۆیە تا زووتر دەست بکەین بە گواستنەوەی خەڵک بۆ ڕواندا، ئێمە خێراتر دەتوانین مۆدێلی بازرگانیی باندە قاچاخچیەکان تێکبدەین و لە ناوی بەرین و هەروەها نیشانیش بدەین کە ئیتر ئەنجامدانی گەشتی مەترسیدارو نائاسایی و ناپێویست بۆ بەریتانیا بژاردەیەکی باش و درووست نیە بۆ چوونە ناو سیستەمی پەنابەریی بەریتانیاوە! …”
هاوپیچ نامەکەی فیدراسیۆن و وەزارەتی ناوخۆ هاتووە.
چاوەروانی هەواڵی زیاتر بن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێڕاقی
5 Caledonian Road, Lonon, N1 90x
DECS Reference: TRO/1147274/24
ئازیزانم: فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێڕاقی
سوپاس بۆ نامەکەتان لە ١٦ی ئایار سەبارەت بە هاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابووری بەریتانیاMEDP لەگەڵ ڕواندا. هەروەها من دڵنیام کە ئێوە پێدەزانن کە وەزیری ناوخۆ ڕۆژانە بڕێکی زۆر نامە وەردەگرێت و هەر بۆیەشە کە ناتوانێت بە شێوەیەکی شەخسی وەڵام بە هیچ نامەیەک بداتەوە کە وەری گرتووە! ئەو ئیمێڵەی ئێوە ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە و لە لایەن بەرپرسێکی سیاسیشەوە وەڵام وەردەگرنەوە!
جموجۆڵی زۆری کۆچبەری نایاسایی، کە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە ڕێکدەخرێت، دەبێتە بارێکی گران بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی پەنابەرییەوە! هاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابووری بەریتانیا MEDP لەگەڵ ڕواندا ئامڕازێکە لە پلانێکی گەورەترو فراوانتری حکومەت بۆ وەستاندن و پەکخستنی ئەو بازرگانیە خەراپ و پیسە، کە قاچاخچیەکان دەکاتە ئامانج و ئەو شێوە بازرگانیەیان تێک دەشکێنێ لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە هاوکاری نێودەوڵەتی و شێوازو تاکتیکی تازەو تێکدەرانە.
شکەستهێنان لەو هەنگاوەماندا تێچووی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت- بە پێی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی یاسای کۆچی نائاسایی، تێچووی شوێن و حەوانەوەی داواکارانی پەنابەریی هەتا ساڵی ٢٠٢٦دەگاتە ١١ ملیار پاوەندی بەریتانی لەساڵێکدا. بۆیە ئەوەیان تەنها بەلابردن و نەهێشتنی نیشتەجێبوونی کۆچبەرانی نایاسایی لە بەریتانیادا دەهێنرێتە دی. ئایا ئێمە دەتوانین سنوورەکانمان کۆنترۆڵ بکەین و ژیانی خەڵک لە دەریادا ڕزگار بکەین؟
وەک دەزانن، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی شاهانە (Assent Royal) بۆ بڕیاری یاسای سەلامەتی ڕواندا ( یاسای پەنابەریی و کۆچبەریی بۆ ساڵی ٢٠٢٤) هاتە بواری جێبەجێکردنەوە کاتێک کە ئیتیفاقیەی نێوان بەریتانیاو ڕواندا لە ٢٥نیسانی ٢٠٢٤ دا ئیمزا کرا!
ئەو ئیتیفاقیە نێودەوڵەتیە یاساییە لەگەڵ ڕواندا کە لە ٥ی دێسەمبەری ٢٠٢٣ دا ئیمزا کرا، بە شێوەیەکی فەڕمی باس لە ئەنجامەکانی دادگای باڵا دەکات بە هێنەکایەی ڕێوشوێنێک کە ڕوونی دەکاتەوە کە ڕواندا کەس ناگەڕێنێتەوە بۆ وەڵاتێک کە نا ئارام و جێی مەترسی بێت بۆ سەرژیانی کەسەکە.
بە پێی ئەو ئیتیفاقیە، ڕواندا هەستاوە بە بەهێزکردنی یاسای پەنابەریی گشتی لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی ناوخۆیی و هەروەها درووستکردنی دەزگایەکی تانەدانی پەنابەریی بۆ ڕەچاوکردنی تانەدانی تاکەکەسی لە بەرامبەر هەرداواکارییەکی پەنابەریی کە ڕەتبکرێتەوە. ئەو دەزگایە دوو هاوسەرۆکی دەبن کە یەکێک لە ڕوانداو یەکێکیش لە وەڵاتێکی کۆمۆنوێلسەوەیە. هەروەها دادوەرەکانی تێکەڵەیەک دەبن لە نەتەوە جیاوازەکان. ئەو دەزگایە دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە یەکلایی کردنەوەی کۆتایی داواکاریەکانی پەنابەریی بابەتیانەو بێلایانە دەبن.
هەروەها ئەو ئیتیفاقیە ڕۆڵی لیژنەی سەربەخۆی چاودێری بەرزدەکاتەوە، کە ئەو لیژنەیە دڵنیایی دەدات بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئەرکەکان بە پێی ئەو ئیتیفاقیە، هەروەها ئەو لیژنەیە هێزێکی تەواوییشی هەیە بۆ دیاریکردنی ئەو شوینانەی کە ئەولەویەتیان هەیە بۆ چاودێری کردن! ئەو ئیتیفاقیە شانبەشانی یاسای سەلامەتی ڕواندا کاردەکات. کە ئەو یاسایەش دڵنیایی دەدات کە وەڵاتی ڕواندا سەلامەتە کە پەنابەری بۆ بهێنرێت! ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە دەبێ یاسادانەران مامەڵە لەگەڵ ڕواندادا وەک وەڵاتێکی سەلامەت بۆ پەنابەران بکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پەنابەری بۆ بگوێزرێتەوە!
یاسای سەلامەتی ڕواندا ، گرفت و ئاستەنگی ناپێویست سنووردار دەکات و لە هەمانکاتیشدا دەسەڵات و توانا دەداتە یاسا دانەران و دادگاو دادگا باڵاکان بۆ ئەوەی، کە سەررەڕای ئەو پارێزبەندیانە کە لە ئیتیفاقیەکەدا هەن، ئەو داواکاریانە لەبەرچاوبگرن ئەگەر بەڵگەی سەلمێنەر هەبوو کە گوایە ڕواندا سەلامەت نیە بۆتاکە کەسێک لەبەر هەندێک باردوخی تایبەت بە کەسەکەوە. بەڵام ڕێگە بە داواکارییەک نادرێت کە بڵێت یان گوایە وەڵاتی ڕواندا لەوانەیە تاکە کەسێک لە ڕوانداوە بگوێزێتەوە بۆ وەڵاتێکی تر بە پێچەوانەی ئەرک و فەرمانە نێودەوڵەتیەکانی. ئیتیفاقیەکە ئەو مەترسیەی لابردووە! داواکاری کەسێک بۆ وەستاندنی گواستنەوەیان تەنها کاتێک گوێی لێدەگیرێت کە ئەو کەسە بتوانێت بیسەلمێنێت کە گواستنەوەیان مەترسی ڕاستەوخۆ و جدی دادەنێت لەسەر ژیانی ئەو کەسە!
یاساکە زیاتر پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە تەنها وە بە تەنها وەزیری تاج(Minister of the Crown) دەتوانێت بڕیاری ئەوە بدات کە ئاخۆ بەریتانیا پابەند دەبێ بە ڕێکارێکی کاتیی کە دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مڕۆڤ دەریکردووە!
سەرنجی حکومەت ئێستا لەسەر هێنانە بواری جێبەجێکردنی ئەو ئیتیفاقیەیە یان جێبەجێکردنی هاوبەشیی لەگەڵ ڕواندایە بۆ ئەوەی بتوانین گەشتە ئاسمانیەکان دەست پێبکەین. بۆیە تا زووتر دەست بکەین بە گواستنەوەی خەڵک بۆ ڕواندا، ئێمە خێراتر دەتوانین مۆدێلی بازرگانیی باندە قاچاخچیەکان تێکبدەین و لە ناوی بەرین و هەروەها نیشانیش بدەین کە ئیتر ئەنجامدانی گەشتی مەترسیدارو نائاسایی و ناپێویست بۆ بەریتانیا بژاردەیەکی باش و درووست نیە بۆ چوونە ناو سیستەمی پەنابەریی بەریتانیاوە!
جارێکی تر سوپاستان دەکەین بۆ کاتی نووسین و هەروەها من هیوادارم کە ئەو وەڵامە هەڵوێستی حکومەت ڕوون بکاتەوە!
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمان
تیمی هاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابووری
ڕێگریکرا لە زۆرەملی ناردنی پەنابەران بۆ گرتووخانەی دەستبەسەر
by usr_web171_1
written by usr_web171_1
لەناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنەوە:
ڕێگریکرا لە زۆرەملی ناردنی پەنابەران بۆ گرتووخانەی دەستبەسەر
ئەمرۆ ١٦ مەی ٢٠٢٤ فیدراسیۆن و ژمارەیەک لەهەڵسوراوانی بەرگریکار لەمافەکانی پەنابەران لە لەندەن خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیان بردە بەردەم یەکێک لە هۆتیلەکانی لەندەن کە ژمارەیەک لەپەنابەرانی ماوەی چەند مانگێکە تیا ڕاگیراوەو داوایان لێکراوە رازی بن بۆ ناردنیان بۆ کەشتی بەیبی ستهۆکۆڵم لە پۆرتلەند تا لەوێوە دیپۆرتی ڕواندا بکرێن.
دوای ئەوە ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران ریگەگریانکرد لە بەزۆر ناردنی پەنابەران، سەرئەنجام نەتوانرا ئەو پەنابەرانەی ئامادەکرابوون بەزۆرەملێ بنرێنە دەرەوەی لەندەن.
هەوڵەکان بۆ داکۆکی لەمافەکانی پەنابەران درێژەی هەیە
چاوەروانی هەواڵی زیاتر بن.

دیپۆرتی پەنابەران بۆ ڕواندا ڕابگرن!
بەناڕەزایەتی دژ بەناردنی زۆرەملێی پەنابەران بۆ رواندا پەیوەستبن!
رۆژی چوارشەممە یەکی ئایاری ٢٠٢٤
کاتژمێر: 5:30ی ئێوارە
شوێن: بەردەم ماڵی سەرۆک وەزیران لەلەندەن
Downing Street, SW1A
ئەم هەفتەیە حکومەتی بەریتانیا پلانی بۆ دەستگیرکردنی پەنابەران بەرزکردەوە تا بە زۆرەملێ دیپۆرتی ڕواندایان بکات ئەمەش بەدوای پەسەندکردنی یاسایەک دیت کە هەفتەی رابردوو لە پەرلەمانی بەریتانیا دەنگی پێدرا.
لەگەڵمان بن بۆ بەرگرتن بەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە، بەشداری چالاکیەکانمان بکەن و لەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیە هاوشان بە بەشداری ئەندام پەرلەمانی بەریتانیاو هەڵسوڕاوانی یەکێتیە کرێکاریەکان دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم سیاسەتە بەرز رابگرین.
باپێکەوە داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی پلانەکە بکەین وە داوای ئازادکردنی سەرجەم پەنابەرە گیراوەکان لەگرتووخانە دەستبەسەرەکان و کۆتایهێنان بەدەستبەسەرکردنی پەنابەران بکەین.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
ڕێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێرانی- بێمرز
بۆزانیاری زایاتر پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفونانەوە :٠٧٧٢٠٢٩١٥١٦ –

با ١ی ئایاری ئەمساڵ بکەینە ڕۆژی نا وتن بە “جەنگ و ئاوارەیی” بەیاننامەی فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی بەبۆنەی یەکی ئایارەوە.
by usr_web171_1
written by usr_web171_1


